کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێرانن

12:45 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرنامە، پرۆژە و سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، سەرچاوەی سەرجەم کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەن.

سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێران بە هۆکاری زاڵبوونی دەسەڵاتێکی تۆتالیتر و دواکەتوو بەسەر خەڵکانی ئەو وڵاتەدا، بە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو دێتە ئەژمار و بەرپرسانی خودی ڕێژیمیش دانیان بەوەدا ناوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی ئەو دواکەوتووییە و سەرجەم کێشە و گرفتەکانی ڕابردوو و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێستای وڵاتی ئێران بۆ بەرنامە و پلان و هەروەها سیاسەت و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

لەم بارەیەشەوە، وێڕای ئەوەی کە هەنووکە دەیان دیاردەی مەترسیدار لە ئێراندا سەریان هەڵداوە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن و هەروەها قەیرانەکانی گرانی، برسێتی، نەداری و هەژاری و...، باڵیان بەسەر وڵاتدا کێشاوە کە بەرپرسانی ڕێژیم دەبێ هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بدەن، بەپێچەوانەوە لە هەوڵی دەستپێکردنی پرۆژەگەلێکی فێڵاوی و ساختەن و ئامانجی سەرەکیشیان لەم گەڵاڵە و پرۆژانە تەنیا ڕێگاخۆشکردن بۆ گەندەڵی، دزیکردن و تاڵانی دارایی وڵات و پارەی خەڵکی هەژاری ئێرانە، نەک خزمەت بە خەڵک و وڵاتی ئێران.

لە بارودۆخی نالەباری ئێستای نێوخۆی ئێراندا کە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، بڕێک لە ناوچەکانی چەند پارێزگایەکی ئێران، لەوانەش ناوچەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان کە بە هۆی کارەساتەکانی بوومەلەرزە و لافاوەکانەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشت و تووشی وێرانکارییەکی لەڕادەبەدەر بوون،  لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نەتەنیا هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیان و ئاوەدانکردنەوەی کاولکاری و وێرانکارییەکانیان نەدراوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هێچ هەوڵێکی هاوشێوەش نادەن و لە هەوڵی دەستپێکردنی پرۆژەگەلێکی بێبنەما و ساختە بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیانن.

لەم پەیوەندییەشدا،"سەید عەباس ساڵحی"، وەزیری ئیرشادی ڕێژیمی ئێران، دانی بەوەدا ناوە کە کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی دواکەوتووە و زیاتر لە ٨٨ لەسەدی خەڵکی وڵاتی ئێران تاکوو ئێستا نەچوونەتە سینەما و هۆڵە شانۆییەکان و شار و ناوچەکانی ئێرانیش لەگەڵ نەبوونی شوێنە فەرهەنگییەکاندا بەرەوڕوو بوونەتەوە. هەروەها زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا لە کەلاوە وێرانەکانی شار و ناوچەکانی ئێراندا ژیان بەسەر دەبەن.

وەزیری ئیرشادی ڕێژیم، هەروەها دانی بەوەشدا ناوە کە ڕێژەی دانیشتووانی زیاتر لە ١٠٠٠ شاری ئێران بەرەو زۆربوون دەڕوات و ڕێژیمیش توانایی دابینکردنی جێگای پێویستی بۆیان نییە، بەڵام هاوکات ئەو وەزیرەی ڕێژیم، بڕیاری هەزاران پرۆژە و گەڵاڵەی دروستکردنی سینەمای لە شارەکانی ئێراندا داوە.