کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ دۆخی شارەکانی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شپرزەیە

11:43 - 21 رەشەمه 2719

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەت شارەکانی کوردستان، بووەتە هۆی تووشبوون و گیانلەدەستدانی هەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتییان، بەجۆرێک کە ئامارە ڕاستییەکان و ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم مەودایەکی زۆریان لە نێوانە.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان کە لە نەخۆشخانەکانی بۆکان و سەقز بە دەستمان گەیشتووە، باس لەوە دەکرێت کە دۆخی ئەو دوو شارە زۆر شپرزەیە و ڕێژیم ڕێژەی گیانلەدەستداوان دەشارێتەوە.

زانیارییەکان لە سەقز باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٥ کەس لەو شارەدا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ئامارەکانی ڕێژیم باس لە گیانلەدەستدانی ٦ کەس دەکات و دوایین زانیارییەکان لە سەقز، باس لە گیانلەدەستدانی ژنێکی ٧٦ ساڵە دەکات کە لە دابڕگەی (قەرەنتینە) نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعیی ئەو شارەدا بووە.

هەروەها لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمەوە، ٢٥ کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی بۆکان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

لە سنە تا ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە، ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢٠٠ کەسی دیکەش بە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە دابڕگەدان.

ئەو زانیارییانە هەروەها باسی لەوە کردووە کە بە شێوەی مەزەندەیی زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییەوە خەوێندراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامارە ناڕاستەکانی ڕێژیم باس لە تووشبوونی ٨ هەزار و ٤٢ کەس و گیانلەدەستدانی ٢٩١ کەس دەکات.

بە وتەی پارێزگارەکانی پارێزگاکان، زۆربەی هەرەزۆری نەخۆشخانەکانی ئێران پڕە لە تووشبووان بەو ڤایرۆسە و زۆربەی نەخۆشخانەکانیش ئیتر جێگایان نەماوە کە بەو پێیە کۆی گشتیی تەختەکانی نەخۆشخانەکانی ئێران، ١٤٠هەزار و ٨٥٩ تەختە کە ئەمە خۆی بەڵگەیەکە بۆ وەدرۆخستنی ئامارەکانی ڕێژیم.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییانەدا باس لەوە کراوە کە لە ١٥ پارێزگای ئێراندا لانیکەم ڕۆژانە ٥٠ کەس گیانی لەدەست دەدات کە ڕێژیم بەمەبەستی شاردنەوەی بێکیفایەتییەکانی باسی ناکات.

لە شارەکانی "ڕەشت، گیلان و قوم"، گۆڕستانەکان پڕ بووە و جێگای ناشتنی مردوویان نەماوە.

پەرستار و پزیشکەکانی نەخۆشخانەکان بەرانبەر بە نەبوونی کەرەستە و پێداویستییەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشییە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و باسیان لە نالەباریی دۆخی خەڵک و نەخۆشخانەکان کردووە.