کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسێکی هەڵگری کرێکاران و کارمەندانی پێترۆپالایش لە شاری ئاودانان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، وەرگەڕانی ئوتوبووسێکی هەڵگری کرێکاران و کارمەندانی پێترۆپالایش لە شاری ئاودانان، گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٢ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٥ کەسی دیکەی لێ کەوتەوە.
هەواڵی گیانلەدستدانی ئەم هاووڵاتییانە کە بەپێی زانیارییەکان خەڵكی ئاودانان و موورمووری لە پارێزگای ئیلامن، لە قووڵایی دڵەوە دڵگران و خەمباری کردین.
ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە شەپۆلێک لە خەم و پەژارەی خستە نێو دڵی هاووڵاتیانمانەوە و بەم بۆنەوە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە و هەروەها سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هاونیشتمانیانمان لە پارێزگای ئیلام دەکەم و هیوام ئارامی و سەبووریانە.
هەروەها هیوای لەشساخی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە دەخوازم.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥