کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی تەندروستی لە کرماشان؛ کێشەی نەخۆشانی گورچیلەی کرێند بەهۆی نەبوونی بەشی دیالیزەوە

13:46 - 24 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی دژەخەڵکیی کۆماری ئیسلامی و پشتگوێخستنی ژێرخانی تەندروستیی ناوچەکانی کوردستان، قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی باری ژیانی نەخۆشانی لە کرماشان قورستر کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئامادە نین بەدەم چارەسەرکردنی کێشەکانیانەوە بچن.

حوسێن بیگلەری، بەرپرسی ئەنجومەنی پشتگیری لە نەخۆشانی گورچیلەی پارێزگای کرماشان، بەبۆنەی حەفتەی پشتگیری لە تووشبووانی نەخۆشیی گورچیلە، ئامارێکی ترسناکی لە دۆخی تەندروستیی پارێزگاکە خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ٧١٥ نەخۆشیی دیالیز و هەزار و ٧٥٠ نەخۆشی پەیوەنددانی گورچیلە لەو پارێزگایەدا دەناڵێنن.

ناوبراو هۆشداریی دا کە نەبوونی بنکە و ناوەندی تایبەت لە هەندێک لە شارەکاندا، باری سەرشانی نەخۆشان و بنەماڵەکانیانی بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر قورس کردووە.

بە وتەی ناوبراو، شاری "کرێند" لە ئێستادا تەنیا ناوچەی پارێزگایە کە لە بەشی دیالیز بێبەشە و نەخۆشانی ئەم ناوچەیە ناچارن حەفتەی سێ جار بۆ وەرگرتنی چارەسەر، مەودای نێوان کرێند و شاباد ببڕن.

سەرەڕای دۆخی جەستەیی و ئەو ئازارە قورسەی کە نەخۆشانی دیالیز لە کاتی وەرگرتنی چارەسەردا تووشی دەبن، کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم وای کردووە کە داواکاریی سادەی نەخۆشان بۆ دابینکردنی کەرەستەی گواستنەوە و سرویسی هاتوچۆش بێوڵام بمێنێتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە نەخۆشان لەبەر دۆخی نالەباری جەستەیی ناتوانن کەڵک لە گواستنەوەی گشتی وەربگرن و ناچارن بە تێچووی تایبەتی خۆیان و بە بەکارهێنانی تاکسیی ئینتێرنێتی هاتوچۆ بکەن؛ بابەتێک کە لەگەڵ قەیرانی بێکاری، نەبوونی سەرچاوەی داهات و تێچووی قورسی ژیاندا، بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژیان و بژێوی ئەم چینە.

کرماشان لە ڕابردوودا وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە ناوچەکەدا ناسرابوو و نەخۆشانی پارێزگاکانی دراوسێش سەردانی دەکرد، بەڵام کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە دابینکردنی ژێرخانی تەندروستیی پێویست، بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، دۆخی بژێوی و دەرمانی تووشبووانی بەرەو قەیران بردووە.