کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ سپای تێرۆریستی پاسداران حاشا لە تاوانەکانی خۆی دەکات

11:59 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، حاشا لە تاوانەکانی سپا لە بەرانبەر خەڵکدا دەکات.

سپای تێرۆیستی پاسداران، جیا لەوەی کە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ هەتاکوو پێش بە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ئاماری ورد سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکانی ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکان لە ئێراندا بگرێت، جارێکی تر حاشا لە تاوانکارییەکانی خۆی دەکات و وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن، دەدەن.

ڕۆژی چوارشەممە، ۱٤ی خاکەلێوە، پاسدار ڕەمەزان شەریف، وتەبێژ و بەرپرسی گشتیی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە میدیاکانی ڕێژیمدا جارێکی تر حاشای لە ڕاستییەکان کرد و هێرشی هێزەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بۆ سەر خەڵکی لافاولێدراوی ناوچەکانی ئێران بەتایبەتی لە هەرێمی ئەهواز، ڕەت کردەوە و ئەو هەواڵانەی بە درۆ و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار کرد.

 وێڕای ئەوەی کە ئەو وێنە و کورتەڤیدئۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی لافاولێدراوی ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا، پاسدار ڕەمەزان شەریف وتوویەتی: "هێزەکانی سپا هیچ هێرشیکیان بۆ سەر خەڵک ئەنجام نەداوە، بەڵکوو ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت گوشاری هێزەکانی سپا بۆ سەر خەڵک بۆ ئەوەیە کە ماڵەکانی خۆیان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا چۆڵ بکەن، تەنیا درۆ و پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و دوور لە ڕاستییە".

لەم بارەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بە بڵاوکردنەوە کورتەڤیدئۆی هێرشی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، لە گوندی "جەلیزی"، لە ناوچەی دەشتی ئازادەگانی پارێزگای خووزستان لە هەرێمی ئەهواز، ڕایگەیاند، سپای پاسداران لە ناوچەکانی ئەهواز ویستوویەتی شوێنی لافاوەکان بگۆڕێت بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان و ئەو ناوچانەی کە خەڵکی لێ نیشتەجێیە تاکوو چاڵە نەوتییەکانی خۆی لەو ڕووداوە سروشتییانە بپارێزێت، ئەم هەوڵانە هێزەکانی سپا لەگەڵ بەربەرەکانێ و بەرخۆدانی خەڵکی گوندی جەلیزی لە دەشتی ئازادەگان بەرەڕوو بووەتەوە و لە ئاکامدا لاوێکی ئەو گوندە بە نێوی "عەبوود ڕەبێعی"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستییەکان سپای پاسداران کوژرا و چوار لاوی تر بریندار بوون.

لەم پەیوەندییەدا، چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی عەرەبی هەرێمی ئەهواز ڕایانگەیاندووە، کە هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەکانی تری ئەهواز هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی بێتاوان و لە دوو گوندی "ئەلسقوور" و "شاکریە"، هێرشی هێزەکانی سپا بۆ سەر خەڵکی ئەو دوو گوندە بە مەبەستی چۆڵکردنی ماڵەکانیان چڕتر بووە و تێکەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە تێرۆریستییەکانی سپادا هاتووەتە ئاراوە.

ئەم هێرشانە سپای تێرۆریستیی پاسدران لە کوردستان و هەرێمەکانی تری ئێراندا بەردەوام هەبووە و لە کاتی ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکاندا لە جیاتی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو، جیا لەوەی کە ڕێگری لە یارمەتییە خۆبەخشەکانی خەڵک دەگرن، هێرش دەکەن سەر لێقەوماوان و پاشانیش لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا حاشا لە هەموو ڕاستییەکان دەکەن.

لەم ڕاستایەشدا دەتوانین ئاماژە بە تاوانەکانی ساڵی ڕابردووی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزە دڵتەزێنەکانی پارێزگای کرماشان بکەین، کە جیا لەوەی کە ڕێگرییان لە یارمەتییەکانی خەڵکی ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد، بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی کوردستان.

بەڵام بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاستییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە وەکوو وێنە و ڤیدئۆ بڵاو دەبوونەوە، بەڵگەی تاوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتایبەتی سپای تێرۆریستی پاسداران زیاتر ئاشکرا دەکرێت، بۆیە نە چەواشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕاستییەکان دەشارێتەوە و نە بەرپرسانی سپا و کاربەدەستانی ڕێژیم دەتوانن بە پڕوپاگەندەکانی خۆیان خۆڵ لە چاوی خەڵک بکەن.