کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ سپای پاسداران هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لە ئامریکا دەکات

13:31 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، لە بەرانبەر بە تێرۆریست ناساندنی لەلایەن ئامریکاوە، دژکردەوەی نیشان دا و هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لە ئامریکا دەکات.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، زۆربەی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە زاری بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتی جیاوازیان لەسەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای تێرۆریستی پاسداران و خستنە نێو لیستی تێرۆریستییەوە بڵاو کردووەتەوە، کە دژکردەوە و هەڕەشە توندی بەر‌پرسانی سیاسیی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، پاسدار محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لە هێزەکانی سپای ئامریکا لە ناوچەدا کردووە و ڕایگەیاندووە: لە ئەگەری هەر بڕیارێکی هەڵە لە لایەن ئامریکاوە و خستنە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسدارانەوە، هێزەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆژاوای ئاسیادا ئارامی و ئاسایشیان نابێت.

پاسدار جەعفەری، لە درێژەی هەڕەشەکانیدا بە ماڵپەڕەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی وتووە: "ئەگەر ئامریکایییەکان هەڵەیەکی لەو چەشنە بکەن و ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە بخەنە مەترسییەوە، هەروەکوو باس کراوە لە بەرانبەردا بەپێی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵەکانی خۆمان لە بڕیاری کاریدا دادەنین و بەکردەوەیی دەکەین".

هەر لەم پەیوەندییەدا، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئامریکا، وێڕای ئەوەی کە لە وێبلاگی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمدا، ڕایگەیاندووە: ئەوان بەرژەوەندی نێتانیاهوو بە بەرژەوەندی وڵاتی خۆیان دەزانن و لە هەمان کاتدا تۆمەتی تێرۆریستبوون لە سپای پاسداران دەدەن، بەتەواوەتی ئاگایان لە دواڕۆژی هێزەکانی سپای ئامریکایە لە ناوچەکەدا!

لە لاپەڕی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتێر، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، نووسیویەتی: "لە ڕاستیدا ئەوان دەیانەوێت ئامریکا بخەنە نێو چاڵێکی ڕەشەوە. باشتر وایە تاکوو کارەساتێک بۆ ئامریکا ڕووی نەداوە، دەبێت ترامپ لە ڕاستییەکان تێ بگات".

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، کە کارێک بکەن تاکوو زووتر هێزە ئامریکایییەکان ناوچەکانی عێراق بەجێ بهێڵن، هەروەها پاسدار محەمەد باقری، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، داوای لە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە، تاکوو بە فەرمی هێزێکی زۆرتری سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەکانی عێراقدا جێگیر ببن و هەرێمی ئاسمانیی عێراق بپارێزن.

شرۆڤەکارانی سەربازیی لەم بارەوە پێیان وایە، مەبەست لەو داواکارییانەی ڕێژیمی ئێران ئەوەیە، کە هێزێکی زۆرتر لە وڵاتی عێراقدا جێگیر بکات و ئاسانکاری بۆ هێرشە تێرۆریستییەکانی خۆی بۆ سەر بنکە و هێزە جێگیرکراوەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراقدا ئەنجام بدات و ئەمەش دۆخی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق زۆرتر ئاڵۆز دەکات.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردانی زۆرتر لە عێراقدا، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی خۆیەوە لەو وڵاتە، چەندین پیلانی تێرۆریستی و سیاسی دژ بە هێزەکانی ئامریکا لە عێراقدا داڕشت و جێبەجێ کرد، کە لە ئاکامدا هیچ سەرکەوتنێکی مسۆگەر نەکردووە، بەڵکوو بووەتە هۆکاری ئاژاوە و بشێوی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراقی فیدراڵ.

هەروەها سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، جیا لە ڕاهێنان و پاڵپشتیی گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە عێراقدا، هێزێکی زۆری لقی قودسی لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە جێگیر کردووە، کە بەتەواوەتی ئاسایش و ئارامیی ئەو وڵاتەیان تێک داوە.

لە ڕێگای کۆتایی ڕێژیمدا، بە هۆی گوشارە سیاسی و سەربازییەکانی ئامریکا، بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کاربەدەستانی سەربازی و سیاسی ڕێژیم بە ئاشکرا هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لە ئامریکا دەکەن و بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشانە و بەرنگاربوونەوەی ئامریکا، وڵاتی عێراقیان هەڵبژاردووە، کە هەردوو وڵاتی ئێران و ئامریکا لە عێراقدا پێگەی سەربازیی و سیاسییان هەیە.