کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەترسێت

11:43 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەترسێت و بەرپرسانی ڕێژیم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گوشارێکی بەهێز بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دەزانن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا و بە هۆکاری نەبوونی جیهانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە وڵاتی ئێراندا، ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە ڕایگەیاندن و بەتایبەت تیڤییەکانی خۆیەوە، بەپێچەوانەی هەموو ڕاستییەکانی ڕووداوەکان درۆ و پڕوپاگەندەی لە پێناو بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆی ڕووبە خەڵکی ئێران بڵاو دەکردەوە.

بەڵام بە هاتنەئارای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پاش دەیەی ۸۰ی هەتاوی و بەرفەراوانبوونی جیهانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێرانیش وێڕای سانسۆر و بەربەست و پارایزتەکانی ڕێژیم، تا ڕادەیەک دەستیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیشت و پێگەی ڕایگەیاندنە فیکەکانی (سەرچاوەی ناڕاست) ڕێژیم بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوەکانی ئەو وڵاتە ڕوون بووەوە و ڕۆژانە سەرجەم درۆ و چەواشەکارییەکانی ئەو ڕێژیمەی ئاشکرا کردووە و خەڵک ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمەیان بۆ دەرکەوتووە، کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە.

بەم هۆکارانەشەوە، ڕێژیم ترسێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و بە دوژمنێکی سەرسەخت و گوشارێکی بەهێز بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر بە خەڵکی ئێران دەزانێت، بۆیە زۆر جار بە سانسۆر، فیلتێرکردن، داخستن و تەنانەت گرتن و دەستبەسەرکردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دانانی ئەپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییە سازکراوەکانی خۆی کە بە مەبەستی کاری سیخۆڕی و چاوەدێریی خەڵکی ئێران دروست کراون، هەوڵی لاوازکردنی پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهانی داوە، کە ئەو سیاسەتەشی تاکوو ئێستا جێگر نەبووە و لەو پیلانەشیدا سەرکەوتوو نەبووە.

لەم بارەوە، جیا لەوەی کە ڕێژیم لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێراندا سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پچڕاندووە، کاربەدەستانی ڕێژیم و بەتایبەتی بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران ترسێکی زۆریان لێ نیشتووە و هەڕەشەی داخستن و پچڕانی سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشی نێوخۆیی نەتەوەکانی ئێران و ڕوودانی شەڕ دەکەن و سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئەگەری وەها بارودۆخێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گوشارێکی بەهێز بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم دەزانێت.

وێڕای ئەوەی کە، ڕێژیم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە مەترسی و گوشار بۆ سەر خۆیان و دەسەڵاتە سەرەڕۆوەکانیان دەزانن، هەموو کاربەدەست و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم تاکوو بەرپرسانی پارێزگا، شار و ناوچییەکانی ئەو ڕێژیمە سەرجەم تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن و بەم حاڵەشەوە بەربەست بۆ خەڵکی ئاسایی و بەتایبەت چالاکانی ڕۆژنامەوانی، فەرهەنگی، ئەدەبی و هتد دروست دەکەن و ڕێژیم پێی وایە کە نابێت خەڵکی ئەو وڵاتە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان بەکار بهێنن و دەبێت تۆڕە سیخوڕییەکانی خۆیان بەکار بهێنن.

لەم پەیوەندییەدا، کۆمپانیای گووگڵ، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە سەدان و نزیک بە هەزاران لاپەڕەی فەرمیی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و بەتایبەت خودی خامنەیی، لاپەڕەی ناوەند و کۆمپانیاکانی ڕێژیم، لاپەڕەی بەرپرسانی ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران، لاپەڕی تیڤییەکانی ڕێژیم و هتد سڕیوەتەوە و تا ڕادەیەک پێشی بە زیادەڕەوییەکانی ئەو ڕێژیمەی گرتووە.

لە مانگی ڕابردووشدا، دیسان کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند، کە دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی "تێلێگرام تەڵایی" و "هاتگرام"، کە بۆ کاری سیخۆڕی بەکاری دەهێنان، سڕییەوە و بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاند، کە باری ئەمنییەت و ئاسایشی بەکارهێنەران و بەردەنگەکانی کۆمپانیای گووگڵ بۆ ئەو کۆمپانیایە گرینگە و بۆیە پێش بە هەر جۆرە زیادەڕەوییەک دەگرن.

ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پیلان و بەرنامەیە ٤٠٠ میلیارد تمەنی بۆ سازکردنی تێلگرامی تەڵایی و هاتگرام خەرج کردووە، لە حاڵێکدا بەوەشەوە تەنیا ٤ لەسەدی خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیم کەڵک وەر دەگرن.