کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشوو دەکەوێتە ژێر گوشارەوە

18:03 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کارناسان و چاودێرانی کاروباری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێیان وایە پاش دانیشتنی ساڵانەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سووربوونی زیاتری دانڵد ترامپ لەسەر هەڵوێستە پێشووەکانی بەرامبەر بە ئێران و هەروەها لێدوانە لاوازەکەی حەسەن ڕوحانی، لەمەودوا دەبێ چاوەڕێی زیاتر بوونی گوشارەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی بین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنی ساڵانەی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر هەڵوێستە پێشووەکانی خۆی بەرامبەر بە ئێران، ڕایگەیاند: ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران "دیکتاتۆرییەکی گەندەڵ"ە کە هیچ ڕێزێک بۆ وڵاتانی دیکە دانانێت بەشێکی بەرچاو لە ئابووریی ئێرانی لە دەستی خۆیدا قەبزە کردووە تاکوو شەڕی نیابەتی پێ بکات و پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بکات؛ هەروەها وتی: ئێمە ناتوانین ئیزن بدەین کە "گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان" گەورەترین چەکی جیهانی بەدەستەوە بێت و داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین کە ڕێژیمی ئێران لە پەراوێز بخەن و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەن کە بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانیان و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان هەوڵ دەدەن، بکەن.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی ناوبراو لە دانیشتنی ساڵانە، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر هەڵکشا و سنووری 17 هەزار تمەنی بەزاند؛ هەڵکشانێک کە بەوتەی چالاکانی بواری ئەرز لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت؛ هەر بەو پێیەش بایەخی تمەنی ئێرانی چەند قات زیاتر لە ڕۆژانی ڕابردوو دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە چەند مانگی ڕابردوودا.
لەبەرامبەر قسەکانی ترامپدا، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی تاران بە لاوازییەوە هاتە گۆ و وەک بڵەی دەیهەوێ ئامۆژگاری وڵاتان بکات، چەواشەکارانە ڕایگەیاند: وەرن با پێکەوە هەر لەم دانیشتنەوە وتووێژەکان دەس پێ بکەین! پاشانیش دەسخۆشانەی لە شەریکە ڕووسی و چینییەکانی کرد کە لەبەرامبەر هەرزانفرۆش کردنی دەریای خەزەر و بازاڕی ئێران، پشتیوانییان لە ڕێژیمی تاران کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە حاڵێکدا کە گەورەترین قەیرانەکان لە نێو خودی ئێراندایە پشتیوانی لە فلستین کرد و وتی: هەنووکە گەورەترین قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی فلستینە و ئیسرائیلی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچە و جیهان ناوزەد کرد.

پاش قسەکانی ڕوحانی بەکاربەران لە دنیای مەجازیدا دژکردەوە و هەڵوێستی خۆیان نیشان دا و زۆربەی هەرەزۆریان بە گاڵتەئامێز ناوبردنی قسەکانی ناوبراو وتیان: "ڕوحانی لە چوارچێوەی ماڵی خۆیدا بیر دەکاتەوە؛ لە ماڵەکەیدا ئاسایش، پارە، ئاو، سووتەمەنی هەیە، بەڵام ئاگای لە وڵات نییە... ئاغای ڕوحانی ئێرە ئێرانە و هیچ کام لەو شتانەی تۆ لە ماڵەوە هەتە ئێمە نیمانە".

هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کارناسان و شارەزایانی کاروباری ئێران، لەوانە "تقی رحمانی" و "سعید بشیرتاش" پێیان وایە قسەکانی ڕوحانی پڕاوپڕ بووە لە ناهومێدی و پارادۆکس کە بووە هۆی ئەوەیکە ڕوحانی لەوپەڕی لاوازیدا قسە بکات.

هەروها مایکێل پریجێنت، شارەزا لە کاروباری ئێران بە تەلەفزیۆنی دەنگی ئامریکای ڕاگەیاندووە: پڕئاشکرایە کە پەیامی دانڵد ترامپ بریتییە لە بەردەوام بوونی تەحریمەکان و خەڵکی ئێران لە هەلومەرجی داسەپاویان ناڕازیتر لە ڕابردوو دەبن.