کوردستان میدیا

چوارشەممه 5ی خەزەڵوەر 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی تینووان

12:31 - 9 گەلاوێژ 2721

دڵنیا لوتفی

 بێئاوی و دەموشکیی ژیان لەبەران و خاک و زەوینی وڵاتی داگیرکراوی ئێران لە ئاستێکدا گوشاری بۆ ژیانی خەڵک هێناوە کە خۆپیشاندان بەنیسبەت بێ ئاوییەوە بەرەبەرە شارە گەورە و چارەنووسسازەکانی داهاتووی سیاسیی ئێرانی گرتووەتەوە و گڕ و تینی خۆپیشاندانەکان و ئاگری ڕقی خەڵک بەرانبەر بە بێ کیفایەتیی ژینکوژانی جەماران ڕۆژ بە ڕۆژ بڵێسەدارتر دەبێت.

زیاتر لە یەک دەیەیە، سیاسەتی بەڕێوەبەریی هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی بێئاوی و کەمئاوی لە شار و پارێزگاکانی ئێراندا و تەنانەت ئەو ناوچانەش کە خۆیان سەرچاوەی ئاو و ئاوەدانین و ئەمە بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزاریی خەڵک لە دۆخی ژیانیان کە بەدەستی داگیرکەرەوە بەسەریاندا سەپاوە و لە بەرانبەریشیدا مافی داوای ژیان و ناڕەزایەتی دەربڕینیان نییە و هەموو داوایەکیان بە گوللـە وڵام دەدرێتەوە و وەک تاوانبار چاویان لێ دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەی کە خۆی سەرچاوە و ماکەی سەرهەڵدانی سەرجەم قەیرانەکان یان لە کۆنترۆڵ دەرچوونی کێشەکانە، توانای قبووڵکردنی ڕەخنەی نییە، چون ڕاستەوخۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە بوارە جیاوازەکاندا و ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو دۆخە نەخوازراو و سەپاوانەدا دەبێتە دژایەتیکردنی چییەتیی نیزام و سیستەمی بەڕێوبەریی وڵات.

ئەمە لە حاڵ و کاتێکدایە کە دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی دانیشتووانی هەر وڵاتێک لە ئەستۆی دەسەڵاتێکە کە بە دەنگی ئەو خەڵکە هاتووەتە سەر کورسیی دەسەڵات؛ بەڵام لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا خەڵک تەنیا کەرەستەیەکن بۆ ڕەواییدان بە مانەوەی دەسەڵات و ئیتر جگە لەوە گرینگییەکیان بۆ دەسەڵات نییە و ئامانجی سیستم تەنیا ڕووتانەوەی خەڵک و وڵاتەکەیە و هەر بۆیە خەڵکانێک کە دەسەڵاتیان خستووەتە دەستی داگیرکەر و ڕەوایەتییان بە مانەوەی داوە، هەمان خەڵکیشن کە توانای لە عەرشەوە بە فەرش کێشانیان هەیە و داگیرکەریش ترسە گەورەکەی لە هەمان خەڵکە کە ئیزنی حوکمڕانییان پێ داوە.

بەپێێ ئامارەکان و داتا و زانیارییەکان زۆربەی بەنداو و گۆل و کانی و شوێنە ئاوەزاکانی جوغرافیای دەستکردی ئێران بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی بەڕێوبەریی ئاو لەلایەن دەسەڵاتەوە یان وشک بوونە یان خەریکن وشک دەبن و لە بەشێکی بەرچاو لە پارێزگاکاندا بێ ئاوی تا ئاستی مردن گوشاری خستووەتە سەر خەڵک.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی سیاسەتی گواستنەوەی ئاو بۆ شارە ناوەندی و وشکەڵانییەکانی، لێدانی نائەندازیارانەی بەنداو و سیاسەتە هەڵە ژینگەییەکانی کە بە شێوەیەکی سیستەماتیکیش و لە بنەڕەتدا بە ئامانجی وشککردنی یەکێک لە سەرچاوەکانی پێشکەوتنی نەتەوە بندەستەکانی دەسەڵاتی سەرەڕۆی خۆی بەڕێوەی دەبات ئەو ماددەیەی کە هۆی ئارامی و سەقامگیری و تەندروستیی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانەی لە خەڵکانێک گرتووەتەوە کە بە هەموو شێوازێک قەیرانەکانی وەک یەخەی کراسێکی بەزۆر بەبەردا کراو لە یەخەیان هەڵپێکا.

ئەم دۆخە ئیتر تا ئاستێک ڕۆیشت کە نەتەوە پێخوستەکانی نێو جوغرافیای دەستکردی ئێران ئیتر لە قاوخی بێدەنگی و هەڵکردن لەگەڵ دۆخەکەدا هاتنە دەر و هەموو بنەماکانی ئەو داگیرکەرەی کە زار و گەروویانی وشک کردووەی بردە ژێر هێمای پرسیار و ئەم بوێری و توانستە بێ باندۆر نەبووە لە بوێرییەکانی پێشووتر و ناڕەزایەتییەکانی دیکە کە بە خاک و خوێندا کێشرا و قۆناخ بە قۆناخ بێزاریی خەڵک لە دەسەڵات زیاتر بنچ و بناخە دەکوتێت.

خاڵێکی جێی سەرنجی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەلئەحواز بەنیسبەت نەبوونی ئاوەوە ئەوەیە کە تەنیا نەکەوتووەتە چوارچێوەی نەتەوە یان پارێزگایەکەوە و بەهۆی ئەوەی کە ئەو مافە مافی هەر مرۆڤێکە و سەرجەم نەتەوەکانی پێخوستکراوی ژێر حوکمڕانیی ڕێژیمی ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنن، وردە وردە شارە گەورەکانی ئێرانیشی گرتووەتەوە و هەروەها نەتەوەکانی کورد و فارس و بەلووچ و ئازەریش پەیوەست بوون پێوەی و دەنگیان خستە پاڵ دەنگی نەتەوەی عەرەب لە ئەلئەحواز.

ئەمە ئاماژەیە بەوەی کە ئیتر نەتەوە بندەستەکانی ژێر حوکمڕانیی ئەو دیکتاتۆرە هەر هەموویان بە شێوەیەکی هاوسەنگ و بە یەک چاوەوە لە سیستمی دەسەڵاتداریی وڵات دەڕوانن و ئامانجی یەکانگیر و یەکشێوەیان هەیە، ئەویش گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتدارییە و ڕووخانی ڕێژیمی خوێنمژی کۆماری سێدارە و ترس و تۆقاندن کە لە مێژووی ٤٢ ساڵەی تەمەنی پڕ لە شوورەییدا چی چەرمەسەری نەماوە بەسەر ئەو وڵاتەیدا هێناوە و ئەو وڵاتەی کردووە بە گۆڕستان و بەندیخانە و قاقڕستانێکی گەورە.

لە بەرانبەر ئەم تێگەیشتنە جەماوەرییەی گەلانی ئێراندا و پەیبردنی ڕێژیم بەوەی کە ئیتر ناتوانێت بە درۆ و فێڵ و تەڵەکە بەرانبەر بە خەڵک و نەتەوە بندەستەکانی دەسەڵاتەکەی ڕاگرێت و بۆی ڕوون بووەتەوە کە ئیتر ڕەوایی تەنانەت لەنێو کۆنەهەوادارەکانیشیدا نەماوە، ئەمجارە لە ڕێگای زەبر و زەنگ و توندتر کردنەوەی دۆخی دیکتاتۆرییەتەوە هەوڵی خۆ ڕاگیرکردنی لەسەر لێواری هەڵدێری دەسەڵاتەکەی دەدات تا پێی نەخلیسکێت و بەر نەبێتەوە.

ڕێژیم لە درێژەی زەبر و زەنگەکانیدا بەرانبەر بە گەلانی ئێران و بە هەستکردن بەوەی کە ئیتر خۆپیشاندانەکان ڕەنگێکی جیددیتر و بەردەوامیێکی زیاتری پێوە دیارە لە هەوڵێکی نوێدا بڕیاری بۆ داخستنی هەرجۆرە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی دەرەکی لە ئێراندا دەرکردووە و لەو هەوڵەدایە کە دەنگی ناڕەزایەتی و هاواری بێزاریی خەڵک زیاتر کپ بکات و ئێرانی کردووەتە بەندیخانەیەکی پڕ لە ئەشکەنجە و ئازارەوە تاکوو وڵاتانی دەرەوە لە جینایەتەکانی ئاگادار نەبنەوە و بە مەیل و مەرامی خۆی خەڵک بداتە بەر تەوژمی جینایەتەکانی و گوللـەکانی بە ئاسانی و دوور لە چاوی جیهانییان لەنێو سینگی خەڵکدا بەتاڵ بکاتەوە.

بەڵام ڕوون و ئاشکرایە ئەم هەوڵە نەزۆکانە توانای ڕاوەستان لە بەرانبەر ڕق و تووڕەیی خەڵکیدا نییە و ئەمە یاسایەکە کە داگیرکەر هەرچی زیاتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات، زیاتر هەوڵی ڕق ئەستوورانە دژ بە دژبەرانی خۆی بەکار دێنێت و زیاتر خۆی لە زەلکاوی تاوانەکانیدا دەخنکێنێت و سەرەنجام ئەوە خۆیەتی کە لەنێو دەچێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.