ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ڕووداوی "نەغەدە" ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:
هاووڵاتییانی خۆشەویست
خەڵکی مافخوازی کوردستان
بەپێی هەواڵێک کە لە "نەغەد"ەوە بە دەستمان گەیشتووە، بەهۆی دەمەقاڵەی چەند کەسێکی تورک و کورد" لە شاری "نەغەدە" شەڕ و هەڵپژانێک لەنێوانیاندا ڕووی داوە و بەداخەوە گەیشتووەتە چەک کێشان و تەقەکردن و دوو کەسی کورد بە ناوەکانی "فەردین ئیبراهیمی" و "محەممەد عەلیزادە" کوژراون و کەشی شار بە تەواوەتی ئاڵۆز بووە و بشێوی و نیگەرانی بۆ دانیشتووانی شار و دەوروبەری پێک هێناوە و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بەیانییەدا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە خۆیان نیشان نەداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە دوو نەتەوەی "کورد و تورک" بە درێژایی مێژوو لەو دەڤەرە پێکەوە ژیاون، لە هەموو بارودۆخێکیشدا دەبێ هەستی پێکەوەژیان و هەڵکردنیان لە سەرەوەی هەموو شتێک بێ و ئیزن نەدەن لەسەر چەند شتی بێ مایە و بەرژەوەندیی چەند کەسی نابەرپرسیار کێشە بکەوێتە نێوان دانیشتووانی ئەم شارە و ئەزموونی پێکەوەژیانی ئەم دوو نەتەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان دیالۆگ، پێکەوە هەڵکردن و لە یەک تێگەیشتنە.
بە خۆشییەوە زانیارییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن لە هەر دوو نەتەوەی "تورک و کورد" کەسانێکی دڵسۆز بە پەرۆش بۆ ئاسایش و پاراستنی هێمنیی شار و هێورکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە لە هەوڵێکی جیددی دان و ئەوە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموو لایەک، وێڕای دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینمان بۆ ئەو هەوڵە بەرپرسیارانەیان هیوادارین کۆمەڵانی خەڵکی شاری "نەغەدە" پێشوازی لەو هەوڵە مرۆڤدۆستانەیە بکەن و ئیزن نەدەن کەسانی ئاژاوەگێڕ ژینگەیان نائارام بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لەو ڕووداوە ناخۆش و نابەرپرسیارانەی چەند کەسی ئاژاوەگێڕ، هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەکا و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێ و هیوادارە هەرچی زووتر ئارامی و ئۆقرەیی باڵ بە سەر شاری نەغەدە و دەوروبەریدا بکێشێتەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی