کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٣٠هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

13:10 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٣٠هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی گەل و نیشتمان!

دۆستان، لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

لەبیرنەکراوە کە سی ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیلانگێڕییەکی دزێودا، ڕێبەری هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "دوکتور قاسملوو"ی هەرگیز نەمریان لەسەر مێزی وتووێژ بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، وێڕای هاوڕێ "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە "وییەنـ"ـی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش شەهید کرد و زامێکی گران و بەژانی خستە سەر جەستەی جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو غەدر و خیانەتەی کە دەرهەق بە متمانەی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کردی، زەریایەکی لە ڕق و بێزاری لە کردەوە چەپەڵەکانی لە پانتایی جیهان و کوردستان و خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، هێنایە خرۆشان، ٣٠ ساڵە داستانی ئەو غەدرە و برکی ئەو برینە لە سینگ و بیری نەتەوەکەمان لە چڵ و هەڵدانەوەدایە.

خەڵکی کوردستان لە هەموو بیرەوەری و یادکردنەوەیەکی ئەو پیلانەی ڕێژێم و شەهیدکردنی ڕێبەر دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوودا، ڕق و بێزاریی خۆیان لە بەرانبەر تەواوییەتی دەسەڵاتی خومەینی و کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن و وێنەی شەهیدانی پووشپەڕ بەرز و بەڕێز دەنرخێنن و بەڵێنیی وەفا و بەردەوامی لە ڕێبازییاندا دەدەنەوە.

٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سیهەمین بیرەوەریی شەهیدکردنی دوکتور قاسملووی ڕێبەرە لە لایەن دەزگای تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لەم بۆنەیەدا خەڵکی کورد و ئازادیخوازانی ئێران وێڕای دۆستانی بزووتنەوەی گەلەکەمان لە جیهان، بە شکۆیەکی شایانەوە ڕێز لە ژیان و خەباتی دوکتور قاسملوو دەگرن و ڕق و بێزاری لە تێرۆر و ماکەی تێرۆر، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕن.

خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

دۆستان و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، وێڕای ڕێز و ئەمەگداری بۆ خەبات و بەرخۆدانی هەمیشەییتان، داوا دەکات کە بە پیر ٢٢ی پووشپەڕەوە، بە هەموو تواناتانەوە ڕق و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی تێرۆر و تۆقاندن و سەرکوتی خوێناویی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەرببڕن. بە هەموو شێوەیەکی گونجاو یاد و ناوی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور قاسملوو بەرز و پیرۆز ڕابگرن. ناو و یاد و ڕێبازی شەهید قاسملوو بکەنە دروشم و سەردێڕی نووسینی شێعر و سروود و چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانتان. شەقام و کۆڵان و بازاڕ لە شار و گوندەکانی کوردستان بە یادکردنەوە لە دوکتور قاسملوو بڕازێننەوە، نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و هەڵواسینی وێنە و پووستێر بکەنە چالاکیی سەرەکی و چقڵی چاوی نەیارانی دوکتور قاسملوو.

پۆشینی بەرگی کوردی، هێمای ڕەنگی شینی ئاسمانی وەک باوەڕی دوکتور قاسملوو بە ئاشتی و ئاوەدانی، گوڵی سوور وەک سومبولی شەهیدان لە هەموو شوێنێکی شارو دێ و سەیرانگا و شوێنە گشتییەکان ئاوێتەی یادی شەهید قاسملوو بکەن.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دڵنیایە لەوەی کە ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لمبۆزی زۆرداریی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تێرۆر لە خاکی کوردستان وەردەدات و شکۆی قاسملووی شەهید و ڕێبازەکەی دەکاتە بڵێسەی سەرکڵی "ڕاسان" و بەگژ ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیدا دەکەن.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی