کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز

12:35 - 15 سەرماوەز 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵانی خەباتگێڕی خەڵکی کوردستان!

کادر و پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادی و دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد، هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار کردووە. درێژەی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە کە لە ئیرادەی بەهێزی نەتەویەکی لە ماف بێبەشکراوی وەک نەتەوەی کوردە و سەرچاوەی گرتووە، هەم شانازیی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و هەم قوربانیی زۆر گەورەی لەو پێناوەدا بەخشیوە و لە ڕاستیدا ئەم مێژووە بە خوێنی ڕۆڵە فیداکار و خۆبەختکەرانی ئەم نەتەوەیە نەخشاوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت خۆین لە هەموو جەستەی ئەم بزووتنەوەیە دەچۆڕێت کە ئەو ئازیزانە کە کاروانی شەهیدانی خەباتە ڕەواکەمان پێک دێنێت، بۆ درێژەدانی ڕێبازیان بۆ ئێمە بووەتە سەمبول و سەرمەشقی ژیان و مەرگی سەربەرزانە.

لە ڕەوتی فیداکاری نواندن لەپێناو ئازادی و مافی نەتەوایەتیی نەتەوەکەماندا کەم نین ئەو تێکوشەرانەش کە ئەگەرچی لە ژیاندا ماون بەڵام لە شێوەی جۆراجۆردا کەوتوونە بەر تیری تێرۆری جینایەتکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بوونەتە قوربانیی مینی چێنراوی ڕێژیم یان لە بەربەرەکانی لەگەڵ هێز و هێرشی دوژمندا ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە و لەگەڵ ژیانێکی تاڵ و پڕئازار بەرەوڕوو کراون. بەم حاڵەش بە کەمئەندامی درێژە نەک هەر بە ژیان بەڵکوو درێژە بە خەباتیشیان داوە کە جێگای ڕێزلێگرتن و ئەمەگناسی دەربڕینمانن و لە ڕاستیدا بەجێهێنانی ئەرکێکی نەتەویی و نیشتمانی نەک هەر بۆ هاوبیران و هاوسەنگەرانیان بەڵکوو ئەرکی هەر تاکێکی کوردپەروەر و کوردستان خۆشەویستە.

لەپێناو ئەو ئەمەگناسییەدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دەستنیشان کردووە. لەم ڕۆژەدا لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا هاوڕێی تێکۆشەر، ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکەمان کاک "حەسەن شیوەسەڵی" بە پیلانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر و لە چەند ئەندامی هەستیاری جەستەی بێبەش کرا.

دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی کەمئەندامانی حیزب گۆشەیەکی بچووکی ئەو ئەرکەیە کە بەرانبەر بە کەمئەندامانی حیزب لەسەر شانمانە. ئەرکێک کە نابێت و ناشێت هەر لەوەندەدا بەرتەسک بکرێتەوە بەڵکوو زۆربەی لایەنەکانی ئەو ئەرکە ئینسانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی و نیشتمانییە دەگرێتەوە. با ئەو ئەرکە هەم لە ڕەوتی خەباتدا بەرانبەر بە کەمئەندامان بەجێ بێنین و بەتایبەت لە سەرکەوتن و بەئاوات گەیشتندا بە جۆرێک بەجێهێنەری ئەو ئەرکە بین کە شایانی ئەم ڕۆڵە فیداکار و تێکۆشەرانە بێت. چوونکە ئازارێک کە ئەم ئازیزانە لە کەمئەندامبوون دەیچێژن و ئەم ژیانە کە بە کەمئەندامی تێپەڕی دەکەن زەحمەتە کەس بتوانێت وەک خۆیان هەستی پێ بکات، بەو حاڵەش بە شانازییەوە سەیری ئەندامانی لەدەستچوویان دەکەن و نایکەنە منەت بەسەر هیچ کەس و لایەنێکەوە.

هاوسەنگەران، هاوڕێیانی کەمئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبەکەتان و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەتان شانازیتان پێوە دەکەن و لە ئاست ورەبەرزی و باوەڕی قووڵتان بە خەبات و خۆڕاگریدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنن. شەهیدان کە گیانیان بەخشیوە و ئێوە کە ئەندامانی جەستەتان لەپێناو ئازادی و مافی نەتەوایەتیدا لەدەست داوە بۆ ئێمە و هاوڕێیانتان نموونەی فیداکاری و باوەڕمەندین.

هیوادارین بە سەرکەوتن و بە ئاوات گەیشتن کە چیدیکە نە ئازیزانمان لەدەست بدەین و نە تێکۆشەرانمان لەگەڵ کەمئەندامی بەرەوڕوو بن.                              

بە هیوای وەدیهاتنی ئەو ئاواتە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران

ناوەندی سیاسی

١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی