ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی کاک "فواد مستەفاسوڵتانی" بڵاوی کردووەتەوە، نه شەهیدبوونی کاک فواد و هەزاران تێکۆشەری دیکەی ئەو ڕێبازە و نە هەموو تاوان و کاولکارییەکانی دیکەی ڕێژیم لە کوردستاندا نەیتوانی ئیرادەی بەرخۆدان و ئازادیخوازیی خەڵک لاواز بکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سوڵتانی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئازایخوازان و تێکۆشەرانی خەباتکار!
هەر وەک ئاگادارن ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ئەمساڵ ٤٢ ساڵ بە سەر گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سوڵتانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و کەسایەتیی شوێندانەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی هاوچەرخی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە گوندی "بەستام" لە نێوان سەقز و مەریوان پاش شەڕ و بەرەنگاریەکی نابەرانبەر و قارەمانانە لە بەرانبەر هێزە دژی گەلییەکانی سپای داگیرکەر لە کوردستان، گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ئامانجە مرۆییەکانی شۆڕشی گەلی کورد کرد و لە گوندی "تاڵەسوار"ی مەریوان لەلایەن خەڵکی ئەمەگناسی کوردستانەوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
کاک فواد ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی "ئاڵمانە"ی مەریوان لەدایک بوو. بەشی زۆری خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی خۆی لە شاری سنە تێپەڕاند. ساڵی ١٣٤٦ لە زانکۆی سەنعەتیی شەریف لە بواری ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک دەستی بە خوێندن کرد و هەر لەو زانکۆیە بڕوانامەی موهەندسیی وەرگرت. ساڵی ١٣٥٣ بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی دژ بە ڕێژیمی شا، لەلایەن ساواکەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤ ساڵ کەوتە زیندان.
کاک فواد، لە ماوەی کورتی ژیان و خەباتی خۆی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەتاڵانبراوی گەلانی ئێرانیشدا بە باوەڕێکی قووڵ و وزەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەرزەوە دەستی کرد بە هەڵسوران و چالاکی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک و بە دامەزراندنی یەکیەتیی جووتیاران و کۆمەڵێک هەوڵ و چالاکیی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەی وەک ڕێبەریکردن و ڕێکخستنی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان، ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلی کورد لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخدا گێڕا.
کاک فواد لەو ماوە کورتەدا توانا و لێهاتووییەکی کەموێنەی لە ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لە خۆی نیشان دا و توانی خۆی وەکوو یەکێک لە ڕێبەران و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕانە و مەدەنیی کوردستان لەو سەردەمەدا بناسێنێت کە بۆ نەسڵەکانی دوای خۆیشیان ئیلهامدەر بوون. هەر بۆیە لە سەرەتاوە بۆ دەزگای تێرۆر و کوشتاری ڕێژیم وەکوو ئامانج دەستنیشان کرابوو و هاوشێوەی زۆرێک لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری، گیانی پاکی کرایە قەڵغانی بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان.
لە ڕاستیدا کۆماری کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران بۆ زەربەلیدان و سەرکوتی بزووتنەوەی ڕەوای کورد هیچ کات و لە هیچ قۆناغێکدا لە هەوڵەکانی بۆ لاوازکردن و لەنێوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە و لە ڕێگەی تێرۆر، سێدارە، زیندان و ئەشکەنجە، تۆپباران و مووشەکباران، دانانی بۆمب، هەوڵدان بۆ سووکایەتی و شکاندنی کەسایەتی، بوختان و چەواشەکردن و شەڕی نەرم و میدیایی بەکارهێنانی سیخوڕ و میلیشیا و هێزی نیابەتی هەوڵی بۆ سەرخستنی سیاسەتی دژەمرۆیی خۆی داوە.
گیانبەختکردنی ڕێبەران و سەرکردەکانی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا ئەگەرچی خەسارێکە کە قەرەبووکردنەوەی ئاسان نییە، بەڵام هاوکاتیش بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە نیشان دەدات کە سەرەڕای هەوڵ و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ پاکتاوکردنی کورد، پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی و سەرکوت و تواندنەوەی بزووتنەوەکەی، بەرەنگاری و بەربەرەکانێ و تێکۆشانی گەلی کورد و ڕێبەرانی، زیندوو، دینامیک و بەردەوام بووە و بە باوەڕ بە ڕاستی و درووستیی ئامانجەکانی، ڕێگای نەپساوەی خۆی دەپێوێت.
گیانبەختکردنی کاک "فواد"یش هەر بەو ڕادەیە کە بۆ خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران زامێکی جەرگبڕ بوو، بۆ رێژیم هەواڵێک بوو کە زۆر تامەزرۆی بیستنی بوو و هەوڵی بۆ دابوو، بەڵام نە شەهیدبوونی کاک فواد و هەزاران تێکۆشەری دیکەی ئەو ڕێبازە و نە هەموو تاوان و کاولکارییەکانی دیکەی ڕێژیم لە کوردستاندا نەیتوانی ئیرادەی بەرخۆدان و ئازادیخوازیی خەڵک لاواز بکات و ئەمڕۆ دەبینین کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لاوانی کورد بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی لێبڕاوانەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەردەوام هەوڵ بۆ خۆڕێکخستنەوە و تەیارکردنی خۆیان بە چەکی زانست و تێئۆری و ستراتژیی گونجاوی خەبات دەدەن و لە مەیدانی کردەوەشدا پێشەنگی هەموو ئەو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەن کە تەنگیان بە دڕندەترین ڕێژیمی سەردەم هەڵچنیوە و ئاڵای خەباتیان شەکاوە ڕاگرتووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٤٢هەمین ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی تێکۆشەری هەرگیز نەمر، کاک فواد مستەفا سوڵتانیدا وێڕای مەحکوومکردنی سەرجەم تاوانەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی و ئازادیکوژی ئێران، شێلگێرە لەسەر ئەو بڕیارە شۆڕشگێڕانەیە کە ئەگەرچی لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا و هەتا ئێستاش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر سیاسەتی کاولکاری و ڕەشەکوژی و تێرۆر بەردەوام بووە، بەڵام ڕەوتی شۆڕشی ڕەوای کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی کاک فواد و هەموو شەهیدانی ئەو ڕێگا پیرۆزە بەردەوام دەبێت و یادیان و وانەکانی خەبات و بەرخۆدانیان دەکاتە هەوێن و چرای ڕێگای تێکۆشانی خۆی و هەموو ئەو ڕۆڵە خەباتکارانەی کە لەو پێناوەدا خەبات دەکەن.
نەمری و هەرمان بۆ کاک فواد مستەفا سوڵتانی
سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی