کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی ئێران

12:13 - 8 پووشپەڕ 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان

هەروەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرێکارانی پیشەسازیی نەوت لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بەربڵاو و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە پێشێلکردنی مافەکانیان کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە درێژەی هەیە.

ئەو مانگرتنە بەرینە کە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی کرێکارانی گرێبەستی کۆمپانیای "فراب" لە "بیدخوون" دەستی پێکرد، ڕۆژی ١ی پووشپەڕ بە بانگەوازی "ئەنجومەنی ڕێکخستنی ناڕەزاییەکانی کرێکارانی گرێبەستی نەوت" بەشە جیاجیاکانی پیشەسازیی نەوت و گازی ئێرانی گرتەوە و لە ڕۆژانی دواتردا کرێکارانی کارگەکان و بەشە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازیی نەوت و کارەبای ئێران لە بێهبەهان، بووشێهر، کەنگان، خارک، تاران، ئەراک، گەچساران، ئابادان، ئەهواز، ئیسفەهان، قیشم، ماهشەهر و... بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوونە و ڕێژیم تا ئێستاش نەیتوانیوە پێش بە پەرەسەندنی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی کرێکاران بگرێت.

ئەو مانگرتنانە ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕ، کەرتی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و وزەخانەکان و کەرتی ئاژەڵداریشی گرتەوە. بە وتەی ئەنجومەنی ڕێکخستنی ناڕەزاییەکانی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، پێرسۆنێلی فەرمیی پیشەسازیی نەوتیش بڕیاریان داوە بۆ پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی گرێبەست، ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ بە مانگرتنەکانەوە پەیوەست بن. لە ڕاگەیەندراوی ئەو بەشە لە کرێکاراندا هاتووە کە ئێمەی کرێکار چیدیکە هەژاری، بێدەرەتانی، هەڵاواردن، نایەکسانی و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان قبووڵ ناکەین.

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، لە پاڵاوگەی نەوتی تاران ٧٠٠ کرێکار لەلایەن ڕێژیمەوە دەستبەسەر و لە کارەکانیان دەرکراون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە داخوازییەکانی کرێکاران تەنیا کۆمەڵێک داخوازیی سینفین کە دابینکردنیان بەشێکە لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ.

لەو پێوەندییەدا کرێکاران ڕایانگەیاندووە ئەگەر وەڵامی داخوازییەکانیان بە شێوەی گونجاو نەدرێتەوە، ناڕەزایەتییەکانیان چڕتر و بەربڵاوتر دەکەن و تا دابینبوونی مافەکانیان ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی تەواوی خۆمان لە داخوازیی ڕەوا و هەڵوێستی ئازایانە و خەباتی مافخوازانەی کرێکارانی مانگرتوو ڕادەگەیەنین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە کرێکاران وەکوو هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان شایانی ژیانێکی تەژی لە خۆشبژیوی و پاراستنی مافە سینفی و دێموکراتیکەکانن و لەو پێناوەشدا مافی ڕەوای خۆیانە کە بە مانگرتن و کۆبوونەوە و میتینگ و شێوەکانی دیکەی خەبات، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە دۆخی نالەباری ژیانیان دەرببڕن و دەسەڵاتی ستەمکار و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بۆی نییە وەڵامی داخوازییەکانیان بە گرتن و دەرکردن و هەڕەشە و ئەشکەنجە بداتەوە.

هەروەها داوا لە هەموو چین و توێژەکانی دیکەی خەڵک، لایەنە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین پاڵپشتی خەبات و داواکارییە ڕەواکانی کرێکارانی ئێران بن و ڕێگە نەدەن ڕێژیمی ملهوڕی کۆماری ئیسلامی لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیی ئەوان بۆ سەرکوتی کرێکاران کەڵک وەربگرێت.

لەو پێوەندییەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا کە سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیدان، نابێ چاوپۆشی لەو سەرکوت و پێشێلکارییانەی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵاتدا بکەن و دەبێ گوشاری بخەنە سەر بۆ ئەوەی کە پابەندی کۆنڤانسیۆن و ڕێککەوتننامەکانی کار لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی کڕێکاراندا بێت.

سەرکەوێ خەباتی کرێکارانی مافخوازی ئێران و کوردستان

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٧ی  پووشپەڕی١٤٠٠ی هەتاوی

٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی