ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت ڕووداوی وەرگەڕانی مینیبووس لە نزیک گوندی "پاڵنگان" بڵاوی کردووەتەوە لە ڕوودانی ئەو کارەساتە خوێناوییە کە دەرئەنجامێکی سیاسەتی گشتیی ڕێژیمی داگیرکەر له کوردستاندایە، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان ڕادەگەیەنێت و بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە هیوای سارێژبوونەوەی زامەکانیان دەخوازێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کارەساتی گیانلەدەستدانی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان
هاونیشتمانییانی بەڕێز
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی «پیرسەفای» مەریوان کە بە سواری مینیبووسێک ویستبوویان بچن بۆ زیارەتی مەزارگەی وەیس، لە نزیک گوندی "پاڵنگان" مینیبووسەکە هەڵدەگەڕێتەوە کە تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە ١٦ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ٨ کەسیش بە توندی بریندار بوونە.
ئەوە یەکەم جار نیە کە بەهۆی دۆخی نالەباری ڕێگاوبانەکانی کوردستان کە زیاتر بە کارکردی سەربازی و بۆ مەبەستی شەڕ و داگیرکاری دروست کراون و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێگاوبان، خەڵکی کوردستان قوربانی دەدەن و کۆمەڵێک بنەماڵەی ئەم نیشتمانە زامی لەدەستدانی ئازیزانیان هەڵدەگرن.
بەردەوامبوونی ئەو دۆخە کارەساتبارە یەکێک لە نیشانەکانی بێ بایەخبوونی گیانی تاکی کورد لە ڕوانگەی داگیرکارانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوەیە کە ڕێگاکانی کوردستانی بۆ هاووڵاتییان کردووەتە ڕێگای مەرگ و سەفەری بێ گەڕانەوە.
لە ڕاستیدا نەک هەر گیان و ماڵی هاووڵاتییانی کوردستان بەڵکوو ژینگە و سەرچاوەکانی کوردستانیش قوربانیی ئەو تێڕوانینە دوژمنکارانەیەن کە هەر شتێکی پێوەندیدار بە کورد و کوردستان دەکاتە ئامانجێک بۆ تاڵان و قڕکردن و لەنێوبردن.
لە بەرانبەر ئەو هەموو غەدر و دوژمنکارییەدا، کەسانێک کە ڕێژیم هەوڵ دەدات وەکوو زمانحاڵ و نوێنەری خەڵکی کوردستان بیانناسێنێت و بە ناوی کەڵ وەرگرتن لە زەرفیەتەکانی ڕێژیم و وەرگرتنی مافی لانیکەمی، بیروڕای گشتیی خەڵک چەواشە دەکەن و دەیانهەوێ دۆخی داگیرکراویی کوردستان ئاسایی بکەنەوە، نەک هیچ هەڵوێست و ئیقدامێکی جیدییان نەبووە و نییە، بەڵکوو شکستی بانگەشە پووچەڵەکانیان ئەوەی سەلماندووە کە لە بنەڕەتدا ڕێژیم هیچ ئیرادە و زەرفیەتێکی بۆ خزمەت بە خەڵک و خاکی کوردستان تێدا نییە و بگرە ئیرادەی لەنێوبردن و قەڵاچۆکردن، ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمەیە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان وێڕای بەداخبوون لە ڕوودانی ئەو کارەساتە خوێناوییە کە دەرئەنجامێکی سیاسەتی گشتیی ڕێژیمی داگیرکەر له کوردستاندایە، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان ڕادەگەیەنێت و بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە هیوای سارێژبوونەوەی زامەکانیان دەخوازێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی