کوردستان میدیا

هەینی 13ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کافەکتێبی ئەندێشە لە پیرانشار، لەمەڕ شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان

11:30 - 10 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە لە پیرانشار، لەمەڕ شەهیدکرانی ٣ ژینگەپارێز لە ئاگرتێبەردانەکانی دارستانەکانی ناوچەی پاوە، بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا وێڕای سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، هاتووە: "وەبیر بەرپرسان و لایەنی دەسەڵاتیش‌ دێنینەوە کە کاتی پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانیان سەبارەت بە پشتگوێ خستنی ژینگە هاتووە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

دانیشتووانی شاری پاوەی خۆشەویست!

ژینگەپارێزانی بەئەمەگ!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی نوێی ژینگە!

دیسان هەواڵێکی ناخۆشتر، دیسان سووتانی جەرگی دایکان و دیسان زامداربوونەوەی دڵی نیشتمان، ئەوە بارودۆخی هەرڕۆژەی نیشتمانەکەمانە.

دوابەدوای سووتانی زیاتر لە چل هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس و شەهیدبوونی ژینگەپارێزێکی خۆبەخش و زامداربوونی چەندین هاووڵاتی لەکاتی کووژاندنەوەی ئاگرەکاندا و تێپەڕینی ئەو کارەساتە، لەبەرچاوی بەرپرسەکان بە بێبایەخ و لەقەڵەمدانی وەکوو سووڕێکی سروشتی و چووکەکردنەوەی بە سووتانی لانیزۆر هەزار هێکتار! ئەمجارە ئاگر کەوتەوە دڵی دارستانەکانی پاوە و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی نیشتمانپارێز نەیانتوانی چاوەڕێی بەرپرسان ببن و بەدەستی بەتاڵ لە هەرجۆرە کەرەستەیەکی گونجاو، لە دڵی ئاگریان دا و خۆیان کرد بە خەڵووز تا چیدی ژینگەی وڵات لە ئاگردا نەسووتێت.

ڕوودانی ئەو کارەساتە گەورەیە کە وەبیرهێنەرەوەی بیرەوەریی تاڵی شەهیدانی سوورخەڵات، شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بوو، دڵی هەر مرۆڤێکی ڕاستەقینەی هەژاند و هەموومانی تاسەبار کردەوە.

وێڕای دەربڕینی ئەمەگناسی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی نوێی ژینگە، ڕۆڵە گوڵبژێرەکانی نیشتمان، هاوڕێیان: "موختار خەندانی"، "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی"، گەرمترین سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ژینگەپارێزانی نیشتمان، خەڵکی بەشەڕەفی پاوە و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە ڕێبواری ڕێگە پڕشانازی و سەروەرییەکەیان دەزانین.

وەبیر بەرپرسان و لایەنی دەسەڵاتیش‌ دێنینەوە کە کاتی پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانیان سەبارەت بە پشتگوێ خستنی ژینگە هاتووە و ئەو دۆخە تا سەر ئاوا ناچێتەسەر و خەسارە مرۆیی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئابوورییەکانی ئەو دۆخە کارەساتبارە زۆر لەوە گەورەترن کە کۆمەڵگاکەمان توانای هەڵگرتنیانی هەبێت.

یادی هەرمانی شەهیدانی سوورخەڵاتی ژینگە بەرز و پیرۆز و ڕێگای سەوزیان پڕڕێبواربێت.

ڕێکخراوەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار)

۹ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی