کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی ڕواری سەر بە ناوچەی هەورامانی مەریوان لە پەیامێکدا، پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئێمە ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "ڕوار"، سەر بە ناوچەی هەورامانی مریوان، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی ڕێبەری مەزن و ئاشتیخوازی گەلەکەمان لەم مانگەدا، گەیاندنی پەیامی خەم و پەیمان نوێکردنەوەمان لەم ڕێبازەدا، وەک ئەرکی سەر شانی خۆمان زانی.
ئەی پەیغەمبەری ئاشتی! هەر وەک چۆن فەرمووت: "گەلێک ئازادیی بوێت، دەبێ نرخی ئەو ئازادیەیش بدات"، ئەوا ڕۆڵەکانی تۆ لە ڕەوتی ڕاساندا لە قەرەسەقەل، کۆساڵان و کێلەشینی سەربەرز و شوێنەکانی دیکەی ئەم نیشتمانە، گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد، لاوانی خۆرهەڵات هەردەم ئامادەی ئەو خۆبەختکردنە و ئەو نرخەن، کە بۆ گەیشتن بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و گەلی کورد، لە خۆرهەڵاتی کوردستان کە تۆی ڕێبەرمان، گیانی خۆتت لەو رێبازەدا پێشکەش کرد، ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن.
٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆرکردنی ڕێبەر و مامۆستا و ئوستوورەی گەلەکەمان، شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانیدا تێدەپەڕێت و وانەکانی دوکتور قاسملوو، بۆ هەتاهەتایە چرای ڕووناکیی ڕێگای سەربەرزی و سەرکەوتنە و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئیرانەوە.
هەرچەند کاک دوکتور بە جەستە له نێوانماندا نەماوە، بەڵام بیر، هزر، ڕێباز و سیاسەتی و هەروەها ئامانجە مەزنەکانی، وەک ئەستێرەیەکی گەش له ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە و هەتا شەو ڕەشتر و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، ئەو زیاتر دەدرەوشێتەوە.
ئێمە وەک گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ڕێباز و ئامانجە بەرزەکانی شەهید دوکتور قاسملوو پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی گیانی ئازیزیان لە پێناویدا بەخت کرد، نەک هەر درێژەدەری ئەو ڕێگایەین، بەڵکوو ئامادەی هەموو چەشنە گیانبازی و فیداکارییەکین. ئێمە ناهێڵین خوێنی کاک دوکتور و شەهیدانی حیزب و گەل هەروا بەفیڕۆ بچێت و بەدڵنیاییەوە ئاسۆمان ڕوونە و سەرکەوتن نزیکە.
ئێمە هەر وەک کاک دوکتور فەرموویەتی: "باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەدانی ڕێگایانە"، بێگومان ئێمە درێژەدەری ئەو ڕێگە پیرۆزەین.
یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو، هەتا کوردێک بمێنێت، هەر بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میلـلەتا دەژین
سەرکەوێت خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان
سەرکەوێت ڕاسان
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری پەت و سێدارە و نەیارانی کورد
کۆساڵان و شاهۆ سەربەرزن
ئەندامان و ڕێبوارانی ڕێگای دوکتور قاسملووی نەمر
گوندی ڕوار، ناوچەی هەورامانی مەریوان