کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕوس نەوت" لە ئێران کشایەوە

17:11 - 22 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیایەکی نەوتیی دیکەی ڕووسیە، بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پرۆژەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت.

کۆمپانیای "ڕووس نەوت " (Rosneft)، کە بڕیار بوو لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش جێبەجێ بکات، پاشەکشەی کردووە و هیچ پرۆژەیەک لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ ناکات.

ئەو کۆمپانیایەی ڕووسیە ئاشکرای کردووە، "ڕووس‌نەفت" هیچ چەشنە بەڵێنییەکی به ئێران نەداوە و لە بنەڕەتدا سەرمایەکی لە ئێران دانەناوە، بۆیە لەمبارەوە زیانێک ناکات.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ "فاگیت کبیرۆف"، سەرۆکی شیرکەتی "لوک ئۆیل"ـی ڕووسی، کە دووهەمین کۆمپانیای بەهێز لە بورای بەرهەمهێنانی نەوته ڕایگەیاند، بە هۆی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو شیرکەتە و کڕینی نەوتمان لە ئێراندا ڕاگەیاندووە.

لەو پێوەندییەدا، مانگی خەزەڵوەریش شیرکەتی دەوڵەتیی زارووبێژنەوتی ڕووسیه ڕایگەیاند، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە دەست له پڕۆژە نەوتییەکانی خۆی لە ئێران دەکێشێتەوە و کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی خۆی دەهێنێت.

بەهای گرێبەستی "دانا ئێنێرژی" و "زارووبێژ" ٦٧٤ میلیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەو شیرکەتەی ڕووسیە لە ئێران کشایەوە.

ئامریکا کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ چوار ڕۆژ پێش وادەکەی دانڵد ترامپ لە بەرجام کشایەوە، سەرەڕای کشانەوەی لەو ڕێککەوتننامەیە گەمارۆ ئابوورییەکانیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد کرد، هەروەها بڕیارە پیشەی نەوت و هەناردەکردنیشی بخاتە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

ئەم گەمارۆوانە لەسەر ڕەوتی چالاکیی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ ئێران هاوکاری دەکەن و هاوکات لە ئامریکاشدا بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرمایەکانیان خستووەتە گەڕ، کاریگەری داناوە و لە هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خۆیان دەبوێرن.