"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی گەڵاڵەکانی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ وتوویەتی: "ماوەی سێ ساڵە یەک شەو بە خۆشی خەوم لێنەکەوتووە وهەمیشە وامدەزانی لە بەرەکانی شەڕ دام".
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە : "خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە و نرخی کەلوپەلەکان لە حاڵەتی گونجاو چووەتە دەرەوە".
"حەسەن ڕووحانی" ئەو دۆخەی ئێستای گەڕاندووەتە بۆ سەر گەمارۆکانی ئامریکا و وتوویەتی: "ماوەی سێ ساڵە سەرچاوەی داهاتمان قفڵ کراوە و ناتوانین نەوت و گاز و کاڵای دیکە هەناردە بکەین".
گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئێران توانایی کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان نەماوە.
خەڵک بۆ دابینکردن و کڕینی خواردەمەنییەکانیان، لەوانە: "گۆشتی سوور، هێلکە، مریشک، شەکر و برنج و..."، بە نرخێکی کەمتر لە باقیی دووکانەکان، ماوەیەکی زۆر لە سەفدا ڕادەوستن.