کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''ڕووحانی'' ئیدعای ئەوە دەکات کە ئابووریی ئێران بە باشی ئیدارە کراوە

13:00 - 9 گەلاوێژ 2720

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە کە چوارچێوەی ئابووریی ئێران بە باشی ئیدارە کراوە و لە ئێران زۆروزەوندی هەیە، بەڵام جیگری ئابووری و محاسباتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە نرخی ٤٧٥ کاڵا لە ئێران بەخێرایی لە حاڵی گرانبووندایە.

''حەسەن ڕووحانی'' گرانی لە ئێرانی بە پیلانی دوژمن ناو لێ بردووە و دەڵێت: ''ئەوان لە بیری ئەوەدا بوون کە ئێمە نرخی هەڵاوسانی ٣ ڕەقەمی و گەشەی ئابووریی مەنفی دوو ڕەقەمیمان هەبێت''.

ناوبرا وتوویەتی: ''ئەمڕۆ لە ئێران کاڵای بنەڕەتی لە بەردەستی خەڵکدا هەیە و هەموو شت زۆرە، بەرهەمهێنانی ئێمە زیاد بووە و دوژمن نەیتوانیوە کارخانەکانی ئێمە بخەوێنێت''.

ئەو قسانەی ڕووحانی لە حاڵێکدایە کە ''ئەیووب فەرامەرزی'' جیگری ئابووری و محاسباتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "نرخی ٤٧٥ کاڵا بەخێرایی گرانتر دەبێت. ئەم خێراییەی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران بچێتە ڕێزی ٤ وڵاتی جیهان کە زۆرترین نرخی هەڵاوسانیان هەیە".

''ڕووحانی'' باس لەوە دەکات لە ئێران هەموو شت زۆرە، لە حاڵێکدا هەر ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژاری و بێکاری و چارەڕەشیی خەڵکی ئێران بڵاو دەبێتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەو پێش ''ئیسحاق جەهانگیری'' جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتبووی کە وڵات لە دۆخێکی دژوار و مەترسیداردایە و خەڵک لە بواری ئابووری و بژێویی ژیان لە دۆخێکی نالەباردان.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان، ڕێژەی بێکاری، گرانی، هەژاری، خۆکوژی، گەندەڵی و نرخی هەڵاوسان و... گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بەڵام سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بێشەرمانە دۆخی ئێستای ئێران بە باشی وەسف دەکات.