کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەی مەهاباد ـ بۆکان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

11:37 - 28 رەشەمه 2721

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەی مەهاباد ـ بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ چەند هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

ئەو ڕووداوە کە لەنێوان دوو ماشێن لە جۆری پێژۆ و پراید ڕووی داوە پێنج هاووڵاتی لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە و چوار کەسیش بریندار بوون و دۆخی تەندروستییان نالەبارە.

"ئەحمەد شیرانی" سەرۆکی ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی ڕاهوەر ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ١٠٧ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێراندا گیانیان لەدست داوە.

ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ڕێژیم لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو، ڕووداوی هاتوچۆ لە ساڵی ١٤٠٠دا ٣١ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ڕێژیم، لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٥٩٦ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ١٩٨٠ کەس، ئەو ڕێژەیە ٣١.١ لەسەد زیادی کردووە.

نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد لە کوردستان لە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوی هاتوچۆ دێتە ئەژمار.