میرۆ عەلیار
ڕووداوەکانی ناوچە لە یەک ساڵی ڕابردوودا هەڵگری زۆر دەرسی پڕ بایەخن کە کورد دەتوانێ و پێویستە بە قازانجی خۆی لێیان فێر بێ.
دواڕووداوی گرنگ، کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی شوڕای هاوکاریی کەنداوی فارس بوو کە لە ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٩ (٥ی ژانوییەی ٢٠٢١) لە شاری "العلا"ی عەرەبستانی سعوودی پێک هات.
ئامانجی ئەو کۆبوونەوە بەکورتی: دەستنیشانکردنی کێشەکانی نێوانیان و بەخۆداچوونەوە لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، مودیرییەتکردنی جیاوازییەکان، دیاریکردنی خاڵەهاوبەشەکانیان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش بەمەبەستی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێزی یەکگرتوو، دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچە و پیشاندانی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی بەرامبەر بە دەوڵەتی نوێی ئامریکا کە نەتوانێ لە بەرچاویان نەگرێ و لە سەر حیسابی ئەوان لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێ.
جێگای سەرنجە، وڵاتانی لێوارەی کەنداو لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانن و خاوەنی دنیایەک چەکوچۆڵی مودێرنن، بەڵام تێگەیشتون کە بە تەنیا بە چەک و پارە ناتوانن بەرەنگاری هەڕەشەکان ببنەوە و سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکییەکانیان، تەنیا بەیەکەوە دەتوانن مەوقعییەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن.
لە دنیای سیاسەتدا لەمێژە ئەو ئەسڵە سەلماوە کە هەر حیزب و لایەن و دەوڵەتێک، بەتایبەتی جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخواز، بیهەوێ دەورێکی چالاک و کاریگەر بگێڕێ و ببیسترێ و بەجیددی بگیرێ و کاریگەریی بخاتە سەر بەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەری و بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بکات، دەبێ بزانێ کە تەنیا بە سەروەت و سامان و هێزی نیزامی، هەرچەندی زۆریش بێ، سەرکەوتن دەستەبەر نابێ.
وادیارە وڵاتانی عەرەبی وەخۆ هاتوونەوە و ئەو ئەسڵەیان سەلماندووە و هەستیان بەوە کردووە کە کێشە و ناتەباییەکانی نێوانیان چەندی خەسار پێگەیاندوون و ناکۆکیی ئەوان بەستێن و مەیدانی بۆ پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا ئامادە کردووە. وڵاتانی دەستڕۆیشتووی شوڕای هاوکاری بۆیان دەرکەوتووە کە پارە و چەک بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان مەرجی پێویستە، بەڵام مەرجی کافی نییە و بێجگە لە پارە و چەک، پێویستییان بە یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی سیاسی هەیە.
وڵاتانی لێوارەی کەنداو، لەسەر بنەمای لێکدانەوەی باروودۆخی ناوچە و جیهانی و هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی هێزی ئەکتەرەکانی ناوچەیی، هەستیان بە زەروورەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و یەکگرتن و هاوکاری کردووە.
مێژووی وڵاتان و خەباتی میلـلەتان لەمێژە دەریخستووە کە هێزی نیزامی و سەروەت و سامان ئەوکاتە ماف و دەسکەوتی پێ دابین دەکرێ کە هێزی سیاسیی یەکگرتووی لەپشت بێ.
ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاستبوون و حاشاهەڵنەگربوونی ئەو ڕاستییەیان بە سەپاندنی تێچوویەکی قورسی سیاسی و ئینسانی وەبیر کورد هێناوەتەوە!
لەوەش کارەساتبارتر، هێزی نیزامی و سەروەت و سامانی زۆر بەبێ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی سیاسیی لایەنەکانی نێو بزووتنەوە، دەتوانێ کەش و هەوایەکی نەخوازراو بە سەر جووڵانەوەدا زاڵ بکات و بزووتنەوە لە ئامانج دوور بخاتەوە!
بە هەڵکەوت نییە کە ڕێژیمەکانی دابەشکەری کوردستان هەمیشە هەزینەی سەرسووڕهێنەریان بۆ دووبەرەکینانەوە و تێکدانی ڕیزەکانی جووڵانەوەی کورد تەرخان کردووە و دەیکەن.
بەو کارە، دوژمن کاریگەرترین هێز و چەکی جووڵانەوەی ڕزگاریخواز واتە یەکیەتی و هاوپێوەندیی و یەکگرتوویی سیاسی، لەکار دەخا. دوژمن هەتا ئێستا ئەو سیاسەتەی زۆر سەرکەوتووانە بە دژی کورد و پرسی کورد بەڕێوە بردووە.
ئێمەی کوردیش بۆ ئەوە هەست بە پێداویستیی یەکگرتن و خەباتی هاوبەش بکەین، دەبێ سەرەتا بزانین کە یەکنەگرتوویی و نەبوونی یەکگوتاری و هاوهەڵوێستیی چەندە و چۆنی زیان بە جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات گەیاندووە:
دەستی ڕێژیمی ئاوەڵا کردووە کە بە دوور لە چاوی بیروڕای گشتیی جیهانی، کورد سەرکوت بکات.
بەستێنی بۆ ڕێژیم و نەیارانی دیکەی گەلەکەمان خۆش کردووە کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەدژی ڕەوایی جووڵانەوەی کورد پڕوپاگەندە بکەن و هەوڵ بۆ بێ ئیعتبارکردنی بدەن.
بەستێن و دەرفەتی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا ڕەخساندووە کە بە ئاسانی و بەبێ دڵەڕاوکە و نیگەرانی لە تێچووی سیاسی، گرنگیی نەدا بە پرسی کورد و هیچ مافێک بۆ کورد نەسەلمێنێ و هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، کەس نازانێ کێ زمانحاڵ و نوێنەری کوردە و پشتیوانیی سیاسی لە کێ بکرێ؟!
کورد، سەرەڕای ڕەوابوونی پرسەکەی، نەیتوانیوە ببێت بە هێزێک کە لە ئاڵووگۆڕە سیاسییەکاندا حیسابی بۆ بکرێ و لە بەرچاوی بگیرێ.
لە هەمووی ئەوانە گرینگ تر، بۆتە هۆی دڕدۆنگی و داکشانی متمانەی خەڵکی کوردستان بە حیزبە سیاسییەکان و ئەوە کە هێزە سیاسییەکان نەتوانن لە پوتانسییەلەکانی جووڵانەوە کەڵکی لێ وەربگرن.
دەبینین کە کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش ئەسڵی ئاماژەپێکراو بسەلمێنین و لە پێناو بەهێزکردنی جووڵانەوەکەمان و گەیشتن بە ئازادی، بۆ یەکڕیزی و خەبات بە یەکگرتوویی، تێبکۆشین.
کاتەکە ئاستەم و هەستیارە. ئێمەی کورد چی دیکە بەرگەی پڕشووبڵاوی و درێژەدان بە دووبەرەکی و یەکنەگرتوویی لەسەر وردە شت ناگرین. وریا بین کە بەرژەوەندیی ستراتێژیکیی گەلەکەمان لە پێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندیی تاکتیکیدا نەبن بە قوربانی.
یەکگرتن و هاوپەیمانی و کاری هاوبەش ئاسان نییە، بەڵام لە پێناو دابینکردنی ماف و ئازادیدا ئەرکی نەتەوەیی خەباتگێڕی کوردە.