کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە جارێکی تر پشتی لە تاران کرد

16:28 - 7 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ڕووسیە کە بە یەکێک لە هاوپەیمانە نیزیکەکانی کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ بۆ جارێکی تریش پشتی هاوپەیمانەکەی بەر دا و ڕایگەیاند: "ئەمنیەتی ئیسرائیل بۆ ئێمە "سەرەتی" (اولویت)یە".

سێرگئی ڕیابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی CNNی ئامریکا باسی لەوە کرد کە ئەمنیەت و ئاسایشی ئیسرائیل یەکێکە لە "باڵاترین سەرەتییەکانی" ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ هاوپەیمانی ئێمە بێت لە سووریەدا!

ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە مۆسکۆ "بەهیچ شێوەیەک ئەمنیەتی دەوڵەتی ئیسرائیل پشتگوێ ناخات"؛ وتوویشیەتی: "هەم ئامریکا، هەم ئیسڕائیل و تەنانەت ئێران و تورکیە و سوریەش بەباشی لەم پرسە ئاگادارن".

بەوتەی ناوبراو ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی هاوپەیمانی یەکتر نین و سەرەڕای بەستنی کۆنگرەی سووچی، خوێندنەوەشیان بۆ ڕووداوەکانی سووریە زۆر جیاوازن لە یەکتر.

ئەم لێدوانانەی ڕیابکۆف کە کۆماری ئیسلامی بە هاوپەیمانی خۆی نازانێت بەڵکوو لە گەشبینانەترین حاڵەتدا وەک هاوکارێک بۆ ڕاپەڕاندنی بەرنامەکانی خۆی سەیری دەکات، لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی لە دواقسەکانیدا لەهەمبەر بەرجەوەنی سیاسەتی دەرەکی ئێران وتوویەتی: "دەبێ ڕوانینەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵات (کە مەبەستی چین و ڕووسیەیە) بگۆڕین و ئەوان دەبێ قیبلەنیمای سیاسەتی دەرەکیمان بن!"