کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە داواکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی نەکردن لە ئیسرائیلی ڕەت کردەوە

12:54 - 28 جۆزەردان 2720

باڵوێزی ڕووسیە لە تاران، داواکاریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پشتیوانی نەکردن لە ئیسرائیلی ڕەت کردەوە و ئەو داواکارییەی ڕێژیمی ئێرانی بە ناپەسەند زانیوە.

"لوان جاگاریان" بالوێزی ڕووسیە لە ئێران، وێڕای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پشتیوانی نەکردنی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل لە خاکی سووریەدا وتوویەتی، "هاوکاریی ڕووسیە و ئیسرائیل لە سووریەدا بە واتای دژایەتیی وڵاتێکی سێیەم نییە".

ئەو باڵوێزەی ڕووسیە لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەی "دونیای ئێقتساد" بەنیسبەت پەیوەندیی نێوان ڕووسیە و ئیسرائیل وتوویەتی: "ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکی باشمان هەیە و لەو ڕووەوە ئێمە سیاسەتمان ڕوونە".

هێژموونی، پاوانخوازی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە لەلایەک و دژایەتیکردنی وڵاتی ئیسرائیل لەلایەکی تر، هۆکاری سەرەکیی شەڕ و پێکدادان و نائارامییەکانی سوریەیە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەر نرخێک بێت دەیهەوێت لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی خۆیەوە گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر ئەو وڵاتە لە سووریەدا.