کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی دیسان بە چەواشەکاری دەیەوێت خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات

12:25 - 22 خەرمانان 2718

کوردستانی میدیا: سەرانی ڕێژیم لە ژێر گوشارە سیاسی و ئابوورییەکاندا، هەر جارەو لێدوانێک دەدەن.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەوڵەتەکەی وتوویەتی: ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێین، شەڕ بەبێ کوژراو  و بریندار نابێت.

ناوبراو لەو دانیشتنەدا، باسی لەوە کردووە، کە خەڵک لە شەڕی ئێران و ئامریکا و "داگیرکەرانی مێژوو"دا بەبێ کێشە نابن، چونکە شەڕ "بەبێ کوژراو و بریندار" نابێت، هەروەها هۆشداری بە ڕاگەیاندنەکان داوە، کە خەڵک ئێران ناهومێد و دڵسارد مەکەنەوە.

ڕۆحانی لە قسەکانی باسی لەوە کردووە، کەسانیک ئەمڕۆ لە بەرانبەر ئێران ڕاوەستاون، کە دۆخی وڵاتەکەی خۆیان لە خراپترین حاڵەتدایە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامریکا جگە لە چەند وڵاتێکی هاوبیری خۆی، هیچ لایەنگرێکی لە بواری سیاسی و هزرییەوە نییە و تەنانەت ڕووناکبیران و بیردۆزانی کۆشکی سپیشی بە گەمژە و نەزان ناو بردووە.

ڕۆحانی لە حاڵێکدا وتوویەتی، کە خەڵکی ئێران لەم شەڕە بەبێ کێشە نابن، کە پێشتر چەندین جار ڕوو لە خەڵکی ئێران وتوویەتی: نابێت نیگەرانی ئیدارە وڵات و پێداویستییە سەرەکییەکان بن.

یەک لەو لێدوانە بێبنەمایانەی ڕۆحانی لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بوو، کە بە خەڵکی دەگوت: "خەیاڵیان لە بواری دۆلارەوە ئاسوودە بێت"، هەروەها لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیشدا باسی لەوە کردووە کە، "خەڵک نیگەرانی ئیدارەی وڵات نەبن، ئێمە دەزانین چی دەکەین. ئێمە دراوی بیانیی پێویستمان هەیە و هەموو پێداویستییەکانی وڵات دابین دەکەین".