کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆچوونی زەوی لە دەشتی "سەڵماس" بووەتە قەیران

11:57 - 29 خەزەڵوەر 2721

"یاسر ڕەهدین" بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای "ورمێ" وتوویەتی: "ساڵانە ٣٢ میتری سێجا کەمیی ئاومان لە ژێرخانە ئاوییەکانی پارێزگای ورمێ هەیە، هەروەها کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە بیرە ئاوە یاسایی و نایاساییەکانی ئەو پارێزگایە قەیرانی ڕۆچوونی زەویی لێ کەوتووەتەوە کە جێگای نیگەرانییە".

"ڕەهدین" ئیدعای کردووە کە ئەو ڕێژەیە لە کەمیی ئاو لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە ٩٣٠ ملیۆن سێجا، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە ١٨٠ ملیۆن سێجای ئاوەکە زیادی کردەوە و لە ئێستادا کەمیی پاشەکەوتکردنی ئاوی ژێرخانەکان گەیشتووەتە ٧٥٠ ملیۆن میتر سێجا.

ناوبراو زیادی کرد، ڕۆچوونی زەوی بەهۆی هەڵێنجانی ئاوی ژێرزەوی لە دەشتی "سەڵماس" لە باکووری پارێزگای ورمێ وەکوو دەشتی قەدەغەکراو، بووەتە قەیرانێک.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە هەڵێنجانی ئاو لە ڕێگەی ناستاندارد، هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕۆچوونەی زەوییەیە.

هەروەها بەهۆی هەڵگرتنەوەی خیزی چۆمی "گادەر" و کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە ژێرخانە ئاوییەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شاری "شنۆ" سێ سانتیمەتر ڕۆچوونی زەویی هەبووە.

هەڵێنجانی لەڕادەبەدەری ئاو لە ژێرخانە ئاوییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە زەوی و لە ئاکامدا ڕۆچوونی زەویی لێ دەکەوێتەوە.