کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی": پێویستە دژی دژبەرانی بەرجام کاردانەوە پیشان بدرێت

11:19 - 16 رێبەندان 2721

ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" لە نوێترین نووسینی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە پێویستە ڕێژیمی ئێران لە دژی دژبەرانی "بەرجام" کاردانەوە پیشان بدات.

ئەم ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە: "ئەو کاتەی بەرپرسانی پێشووی دەوڵەت باسیان لە ڕێککەوتنی بەرجام دەکرد، بەرپرسانی ئێستای دەوڵەت، ئەوکات ئەوانیان بە ناپاک ناو دەبرد، بەڵام ئێستا هەر ئەو بەرپرسانە باس لە ڕێککەوتنی بەرجام دەکەن".

هەروەها هاتووە: "بەرپرسانی ئێستا کە پێشتر لە دەسەڵاتدا نەبوون، بەرجامیان وەکوو پرۆژەی مردوو، پەیکەری بێگیان و پرۆژەیەک کە پێویستە ئاگر بدرێت ناو لێ دەبرد و هەندێک لەوان لە مەجلیسی دەیەمدا هێمای بەرجامیان لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەکان ئاگر دا".

ئەم جۆرە بابەتانە پیشان دەدات کە تەنیا ئامانجی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەسەڵاتە و بۆ پاراستنی قازانج و کورسییەکانیان بڕیار و ئاخاوتنەکانیان سات بە سات گۆڕانی بەسەردا دێت.