کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "وطن امروز" داخرا

11:45 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی "وطن امروز"، بەهۆی کێشەی داراییەوە، چاپکردنی ژمارەی نوێی ڕۆژنامەکەی تا ماوەیەکی نادیار ڕاگرت.

ڕۆژی هەینی، ١١ی گەلاوێژ، ڕۆژنامەی "وطن امروز"، لە ڕێگای پۆستێکەوە لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا، ڕاگرتنی چاپی نوێی ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند و نووسی: "هەتا سڵاوێکی دووبارە، ماڵاوا. پێتان ڕادەگەیەنین کە ڕۆژنامەی "وطن امروز"، بەهۆی کێشەی ماڵی و داراییەوە لە بەیانییەوە بڵاو نابێتەوە".

داخرانی ئەم ڕۆژنامەیە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێت، دەرخەری لاوازبوونی ئەم ڕێژیمەیە لە ڕووی ئابوورییەوە کە چیدیکە تەنانەت توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژنامە و میدیاکانی ژێرباڵی خۆی نەماوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، گرانی و قەیرانی کاغەز بە هۆکارێکی تری داخرانی ئەم ڕۆژنامەیە دەستنیشان دەکرێت کە لە ئێستادا قەیرانی کاغەز نەتەنیا کاری کردووەتە سەر کاری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، بەڵکوو بووەتە هۆی چاپنەکردنی کتێبی خوێندنی خوێندنگاکان بۆ ساڵی نوێ و هەروەها داواش لە زانکۆکان کراوە کە پایاننامە و لێکۆڵینەوەکانیان چاپ نەکەن.