کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە دەبەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاروێرانی مەهاباد، بۆ بەرزڕاگرتنی، ئەم ڕۆژە مێژوویییە، لەسەر بڵیندگۆی مزگەوت سەعات ۱۲ی شەو بە سروودی پێشمەرگە و دەنگی دوژمن بەزێنی ئەحمەد شێربەگی ڕێزیان لەو ڕۆژه گرت. دەنگی ئەو سروودە و دەنگی ئەحمەد شێربەگی لە گوندەکانی دیکەشدا بیسترابوو و ببوو مایەی خۆشحاڵیی خەڵک.
دوای ئەو چالاکییە، ڕێژیمی سەرکوتگەر بە هێزی نەناسراو گەماورۆی ئەو گوندانەی دابوو و چاوەدێرییان کردووە.
قارەمانی دێموکرات لە گوندی "نییەر و تەنگیسەر" بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی نییەر و تەنگیسەر، ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان لە هەموو پێشمەرگە ئازا و بوێرەکان، لە هەموو ڕۆڵە قارەمانەکان و گیان لەسەردەستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردوستانی ئێران پیرۆزبایی کرد.
پێشمەرگە هێز و پشت و پەنای خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردە، پێشمەرگە ڕەمزی سەرکەوتنی کوردستانە، پێشمەرگە هێمای بەرزیی نیشتمانە، پێشمەرگە سمبۆلی هزر و بیری خەڵکی کوردستانە، پێشمەرگە هەردەم لە دڵی خەڵکی کوردستانە، پێشمەرگە هێزی لەبڕاننەهاتووی خەباتی بێوچانە.
ئەو ڕۆژە گەورەیە لەو گەورە مرۆڤ و مڕۆڤدۆستانە و لە هەموو خەلکی کوردستان پیرۆز بێ.
قارەمانانی دێموکرات بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای بەیان و گوندی قۆزڵوی هەوشار چالاکیی تەبلیغاتییان بەڕێوە بردووە.
ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سنەی قارەمان، بە بۆنەی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە نێو شاری سنە و دەورووبەری چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و لەم شوێنانە دروشم و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژەیان نووسی وبڵاو کردووە: "گەڕەکەکانی عەباساوا، ئاغەزەمان، ئوستانداری، فەنی مەهەندسی، دەورووبەری مزگەوتی فەیزئاوا، شارەکی سەنعەتی، وروودیی سەقز بۆ شاری سنە، مەیدانی ئازادی، سەرگۆڕی شەهید ئەحمەد محەممەدی، نەنەڵە و ڕێگای ئاوایی قوڵیان.
ڕۆڵە دوژمنبەزێنەکانی کوردستان، لە گوندی "شیان" و "گەلێن" سەر بە شاری سنه چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوه بردووە و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر پیرۆزباییی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە.
لە درێژەی کار و چالاکییە تەبلیغییەکان ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "دزەی مەرگەوەڕ" بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکت پیرۆزباییی ئەو ڕۆژە مێژوویییەیان کردووە.