کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی به بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بەردەوامن و ڕێز لە گیانفیداییی پێشمەرگە دەگرن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات، به بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە دەگرن.
ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سەقز، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە لە نێو شاری سەقزدا، لە شەقامەکانی "وەلی خان، سەعدی، بلواری مەردستان، ئوستاد شیرازی، حەماڵئاوا، شارەکی دانیشگا، شارەکی گوڵان، مەسکەنی مێهری جاقل، مەسکەنی مێهری کودەشتەت، حافز، کەریماوا، ساڵاحاوا، كوشتارگا، شارەکی فهرههنگیان، نهشمیلان، قوتابخانهی فارابی، گهڕهكی ئیمام جومعه، پشت دوخانیات، حافز، چوارڕا، گەڕەکەکانی شیوی جووتیاران و گۆڕە جوولەکە، شاناز و ڕوودەکی" وێنە و تراکتی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەیان بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شارەکی نایسەر، لەسنە، ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، لە شەقامەکانی "ئیمام شافیعی، چوارڕای حاجی فەیزە، شەقامی کورد، کۆتاییی ئیزگاه، قشڵاق، مەولەوی، مزگەوتی ئیمام شافیعی و دەرمانگای نایسەر" تراکت و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سنە، لە چەندین گرتەی ڤیدئۆییدا لەنێو خەڵکدا و لە نێو شاری سنە، تراکت و وێنەی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگە بڵاو دەکەنەوە و ئەو ڕۆژه پیرۆزبایی دەکەن. هاوکات ئەندامانی نهێنی و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە لە شاری شنۆ پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەیان کردووە و لەگەڵ پێشمەرگە پەیمان نوێ دەکەنەوە.