کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ئاستانی قودسی ڕەزەوی لە نێوخۆی ئێران و وڵاتانی دەرەوە

11:49 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئاستانی قودسی ڕەزەوی کە هەر وەک ناوەندێکی بازرگانی کار دەکات، لە نێوخۆی ئێران خەریکی نانەوەی دووبەرەکی و لە دەرەوەشدا هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دیکەیە.

بڵاوکراوەی نەشناڵ ڕیویوو، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕابردووی پڕ لە جەنایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بەرپرسی ئاستانی قودسی ڕەزەوی کردووە و داوای لە ئامریکا کردووە، هەتا ئیبراهیم ڕەئیسی و ئاستانی قودسی ڕەزەوی بخرێنە لیستەی گەمارۆوەکانەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کوشتاری زیندانییانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کراوە، هەروەها ئەو بڵاوکراوەیە باسی لەوە کردووە، کە ئاستانی قودسی ڕەزەوی یەکێکە لە ناوەندە بازرگانییەکانی ڕێژیم کە ئەرکی لە نێوخۆی ئێراندا نانەوە و پەرەدانە بە دووبەرەکی و لە دەرەوەی ئێرانیش کاری جێگیرکردن و هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دیکەیە.

ئەو ناوەندە بازرگانی – ئایینییە ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریی عەلی خامنەییە و بەراود دەکرێت کە نزیک بە ٢٠ میلیارد دۆلار سەرمایەی هەبێت.

بە پشتبەستن بە گەڵاڵەی پەسندکراوی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە کۆتایییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، نەشناڵ ڕیویوو داوای لە دانڵد ترامپ کردووە، کە لە بەرەبەرەی دەستپێکردنەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی و ئاستانی قودسی ڕەزەوی بخرێنە لیستەی گەمارۆوەکانەوە و هەموو داراییەکانی بلۆکە بکرێن و ئەو شرکەت و لایەنانەی کە لەگەڵ ئەو ناوەندە پێوەندییان هەیە سزا بدرێن.

ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئاخاوتنێکدا ڕایگەیاندبوو: "سەرەرای هەموو کێشە و قەیرانەکان، ڕێگاچارەی خۆدەربازکردن و دەوردانەوەی گەمارۆوەکانمان، هەیە".