کوردستان میدیا

شەممه 24ی رەزبەر 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە تێکچوونی بواری کۆمەڵایەتی لە ئێراندا

11:01 - 6 جۆزەردان 2721

هادی سوبحانی (هاویار)

هەموومان دەزانین سپای تێرۆریستیی پاسداران یەکێک لە گەورەترین تاقمە مافیاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حاكمی ئابووری و نیزامی لە ئێراندایە. ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە کە ئێستا لە ئێراندا حوکم دەکات، بێجگە لە کاری تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی و کوشت و بڕ کە ئەرکی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوە بۆ پارێزگاری لە ڕێژیمە، لە کاری قاچاخی مرۆڤەوە بگرە هەتا بازرگانیی چەکوچۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان و دەیان کاری تێکدەرانە و دژەمرۆیی دیکە بەڕێوە دەبات و بەناوی ئیسلامەوە ئازادیی لە خەڵک زەوت کردووە. خودی سپا کۆمەڵیک لە کچ و کوڕی ئەو وڵاتە لە داو دەخات و لەڕێگای قاچاخەوە دەیاننێرێ بۆ وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەر (زۆربەیان کچن) کە هەموو کارێکیان پێ دەکەن لە کەڵکاژۆی جینسی و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە بگرە هەتا کاری سیخوڕیکردن و بەم شێوازیشە بۆ هەمیشە کەڵکی خراپیان لێ وەردەگرێت و ئەگەر لە ئێرانیشدا بن و بمێننەوە زۆر کاری دیکەیان پێ دەکات.

کۆماری ئیسلامی یان باشترە بڵێین سپای پاسداران پەروەردگە بۆ ڕاهێنانی منداڵانی بێ سەرپەرست دادەنێ و پەروردەیان دەکات بۆ نێو کۆڵان و شەقامەکان کە ئەمانە دەبنە "ئەرازل و ئەوباش" و لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و کاروبارەکانی دیکەی ڕێژیم بە شێوەیەکی دەرهەست کار دەکەن و تەنانەت هێندێکیشیان چەکوچۆڵیان پێیە، کۆمەڵێک لەمانە کە خودی کۆماری ئیسلامی پێیان دەڵێ "ئەرازل و ئەوباش" یان "لاتی سەرشەقام"، ئێستا هێناونی لە دنیای خوازەکی لەسەر کاری سیخوڕی و ئاراستەکردنی دنیای خوازەکی و جۆرێک لە سەرقاڵکردنی خەڵک بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لە بەدواداچوونی بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و ئامانجدار کار دەکەن.

بێ بەندوباری لە شارەکانی ئێراندا یەکجار زۆر بووە و لەنێو شارەکاندا کەسانی بەدڕەوشت کە زۆربەیان لە خانە تیمییەکاندا ڕێکخراون، کار بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە دەکەن. لەم نێوانەدا خاوەنی ماڵەکە دەبێتە سەرپەرەست و وەک دیسکۆ یان کابارە لەوێ کار دەکەن و تەنیا کاریشیان بێ ڕەوشتیی سێکسییە، زۆربەی ماڵەکان هی خودی حکوومەتە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئابووریی وڵات کە لە هەژاری و گوشاری ماڵیدا دەست بەو کارە نەشیاوانە دەکەن. لەم نێوانەدا کچەکان بە ماددە هۆشبەرەکان تووش دەکەن و ناچاریان دەکەن پەنا بۆ کارەکانی دیکەش ببەن کە لە ئێخلاق و مرۆڤایەتی بەدوورە و بەم شێوازە دەیبەنە نێو خودی بنەماڵەکانیش، بۆ ئەوەی بیر و هزریان لە سیاسەت دوور بێت و بۆیان گرینگ نەبێت و نەزانن کە چی لە ئێراندا ڕوو دەدات، بەم شێوازە کۆماری ئیسلامی پەرە بە کاروباری خۆی دەدات و کۆمەڵگەش بەرەو گەندەڵی و هەڵوەشانەوەی بنەما ئێخلاقییەکان دەبات بۆ ئەوەی کە بە ساناییتر دەستێوەردان لە ژیان و چارەنووسی خەڵکدا بکات و بۆ مەرامە دژەمرۆییەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت.

کۆماری ئیسلامی لە شارەکاندا بەتایبەتی لە کوردستان بۆ دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان کارگە یان ئاشپەزخانەی داناوە کە بە سەرپەرستیی سپای تێرۆریستیی پاسداران و لەژێر چاوەدێریی ئەو ڕێکخراوەدا ڕێک دەخرێت و بە ئاسانی لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەیفرۆشن و بە نرخێکیش دەیفرۆشن کە بە ئاسانی بگاتە دەستی هەموو کەسێک بۆ لەناوبردنی بیر و هزری خەڵک بەتایبەت گەنجەکان کە تەنیا بیریان لای ماددە هۆشبەرەکان بێت کە چۆن بەدەستی بێنن و بۆ بەدەستهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هەموو کارێک دەکەن تەنانەت ئەگەر سیخوڕی و خۆفرۆشیش بێت.

لەلایەکی دیکەوە، جێگە و پێگەی چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیی ڕێژیم، لە بواری مافەکانیانەوە لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە و کولتووری پیاوسالاری و باڵادەستیی نەریتە دژە ژنەکان بە سەر وڵاتدا زاڵ بووە. لە ئێراندا بەپێی پەروەردەیەک کە ڕێژیم بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندوویەتی، ژن تەنیا ئەرکی ماڵداری و زاوزێ و خزمەتکردنی مێرد و بەخێوکردنی منداڵی پێ ئەسپێردراوە و زۆر کاتیش وەک کۆیلەیەک چاوی لێ کراوە و لە قوتابخانە و ئیدارەکاندا چ لە ڕووی پلە و پێگە و چ لە ڕووی مووچەوە حیسابی نیوە مرۆڤێکی بۆ کراوە و پڕوپاگەندایەکی بەرفراوان بە دژی خوێندن و کارکردن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی ژن دەکرێ و وەکوو دیاردەیەکی نەخوازراو پێناسە دەکرێت و بەرنامە و پلان بۆ کەمکردنەوەی دادەنرێت. لەو پێوەندییەدا پرسی "حیجابی زۆرەملێ"، یەکێک لەو بابەتانەیە کە بەو بیانووەوە زۆر ستەم و سەرکوتی جۆراوجۆر دژ بە ژنان بەڕێوە دەچێت. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە دنیادا ئێستا ژنان ڕوڵێکی گەورە  لە بەڕێوبەریی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا دەگێڕن و تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا سەرکۆماریشن.

لە قوتابخانەکاندا منداڵان دەکەن بە بەسیج و ئەو منداڵانەی کە نەیانهەوێ ئەو کارە بکەن یان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ئیزنی ئەو کارەیان پێ نەدرێت بە شێوازێک پەراوێز دەخرێن و بە جۆرێک پێش بە سەرکەوتنیان دەگیردرێت، ئەمەش بۆخۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی خەمۆکی لەنێو قوتابییان و هەستکردنیان بە پەراوێزخران کە دواتر لە کۆمەڵگەدا تووشی دەیان خەساری کۆمەڵایەتیی وەک: "بێکاری، تاوانکاری، خۆکوژی، خووگری" و هتدیان دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەم بەرنامە قێزەونە لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە بەرنامەی منداڵاندا ڕێکلامی بۆ دەکرێ و کردوویانە بە سیمبۆلێک بۆ منداڵان کە ئەم کولتوورسازییە پەرەی پێ بدرێت و سپای تێرۆریستیی پاسداران وەکوو هێزێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێران پێیان دەناسێنن، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ٦ نەتەوەی جیاواز لە چوارچێوەی جوغرافییایەک بەناوی ئێراندا دەژین، بەڵام پەروەردە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا تەنیا بە زمانی فارسی دەکرێت.

کۆماری ئیسلامی لە پۆتانسییەلی فرەچەشنیی ئایینیی وڵاتی ئێران کە ئایین و مەزهەبی جیاوازی تێدایە کەڵکی خراپ وەردەگرێت و دەیکاتە ئامرازێک بۆ سازکردنی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێو خەڵک و پێشگرتن لە هەر جۆرە یەکگرتنێکیان لە بەرانبەر ڕێژیمدا. ڕێژیم تەنیا ڕێگە بە پەروەردە و باڵادەستیی ئیدۆلۆژییەکی فاشیستیی هەڵقوڵاوی مەزهەبی شیعە دەدات، ئەویش بۆ ئەوەیە کە حکوومەتی پێ بەڕێوە ببات. یەکێک لە ئامانجەکانی پەراوێزخستنی شوێنکەوتووانی ئایین و ئایینزاکانی دیکە، دووبەرەکی خستنە لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵک لە ئێراندا کە کێشەی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە، لەنێو ئایینزای شیعەشدا چەند فیرقەی جیا کردووەتەوە و وڵات بە فیرقەگەرایی بەڕێوە دەبات کە لە هەموو ئاستێکدا هەڵاواردن و جیاوازیی دروست کردووە کە بۆ نموونە لە دیاریکردنی هەموو بەرپرسانی باڵا و هەڵبژاردنی سەرکۆماریشدا ڕەنگ دەداتەوە. ڕێژیم هەموو کار و بەرنامەی لەسەر پەروەردەیەکی فیکریی جیاواز لەنێو کۆمەڵگەدا بنیات ناوە و کار دەکات بۆ ئەوەی کە ئامانجەکانی بپێکێ و تا ئێستا بە دووبەرەکی نانەوە و کڵاو لەسەرخەڵک دانان لەنێو چینو توێژە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.

وەک دەزانین پەتای کۆرۆنا پەتایەکی جیهانییە کە ئێستا هەموو وڵاتان لە هەوڵی بنبڕکردنیدان، ڕەنگە بتوانین بڵێین لەم نێوانەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەدوای چین، تاقە ڕێژیمێکە کە هەر لە سەرەتاوە ئەو پەتایەی وەکوو دەرفەت و هەلێک چاو لێکردووە و نەک هەر هەوڵی بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵک و پێشگرتن بە تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە نەداوە، بەڵکوو لە سەرەتاشدا لەڕێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە، ئەو ڤایرۆسەی بۆ ئێران و لە ئێرانیشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان و ناوچە گواستەوە. ڕێژیم بە سیاسەتێکی دژەمرۆیی ڕێگەی دا ئەو پەتایە هەموو ئێران بگرێتەوە، بە جۆرێک کە ئێستا و لە سەردەمێکدا کە هەموو جیهان سەرقاڵی ڤاکسینەکردنی خەڵک و بنبڕکردنی کێشەکەن، لە ئێراندا دۆخی سوور واتە ئەوپەڕی مەترسی، باڵی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا کێشاوە و ڕێبەری ڕێژیم لەجیاتی هەوڵ بۆ کڕینی ڤاکسین، فتوای حەرامکردنی ڤاکسین دەدات. ئەو بابەتە گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە، چالاکییەکانی کۆمەڵگەی تووشی ڕاوەستان کردووە. پەروەردە بە تەواوی تووشی قەیران بووە و منداڵان و قوتابییان و بنەماڵەکانیانی خستووەتە دۆخێکی نالەبارەوە. ئەو بابەتە تەنانەت کاریگەریی دەروونیی خراپی لەسەر ڕەوتی خەباتی خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش داناوە و ئەگەرچی ناڕەزایەتیی خەڵک گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بەلام کۆبوونەوەکانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نین، هۆکاری بەشێک لەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵک لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا.

بە گشتی دەتوانین بڵێین ماوەی زیاتر لە چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە دژیگەلییەکانی ئەو ڕێژیمە و لەپێش هەموویاندا سپای تیرۆریستیی پاسداران، بۆتە هۆی ماڵوێرانیی هەموو گەلانی ئێران و بگرە سەرانسەری ناوچەکە و ئێستا زیاتر لە جاران هەموو گەلانی ئەو ناوچەیە لەوە تێگەیشتوون کە ئەو ڕێژیمەی لە سەرەتاوە هەوڵی دەدا خۆی بە نوێنەری شۆڕشێکی مرۆیی و هەڵگری بەها ئێخلاقییەکان نیشان بدا، بە تەواوی بووەتە هۆی تێکچوونی شیرازەی ئێخلاق و بەها مرۆییەکان و زاڵبوونی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکاندا و گەلانی ناوچە و ئازادیخوازان وەک کۆسپ و بەڵایەکی ماڵوێرانکەر بۆ سەر ژیان و داهاتووی خۆیان چاوی لێ دەکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.