کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئەگەری شکستی وتووێژەکانی بەرجام زیاترە لە بە ئاکام گەیشتنی

11:40 - 21 خەزەڵوەر 2721

دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرجام کە بڕیارە دوو حەوتووی دیکە بەڕێوە بچێت لە حاڵێکدایە کە دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەگەری شکستی وتووێژەکان زیاترە لە بە ئاکام گەیشتنی.

ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران کە ناویان ئاشکرا نەبووە، بە هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''یان وتووە کە ئێران وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی لایەنی بەرجام بەرەو ئاراستەیەکی پڕ لە کێشە دەبات و لە ڕێگای جۆراجۆرەوە بۆ کەمکردنی گەمارۆکان هەوڵ دەدات.

ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران وتوویانە، مەترسییەکی گەورە لە پێشدایە، چونکە لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی ڤییەن، مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرێت.

یەکێک لەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران بە ڕۆیتێرزی وتووە: ''دامەزراوە ناوکییەکانی ئێمە درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن و دەتوانین بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن درێژە بە کاری خۆمان بدەین و لە ئێستادا تۆپەکە لە زەویی ڕۆژاواییەکانە".

شەش خول لە وتووێژەکانی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری "ئیبراهیم ڕەئیسی"، وتوویژەکان هەتا ئێستا ڕاوەستاون، دواتر بەهۆی گوشار و هۆشداریی وڵاتانی ڕۆژاوایی بڕیارە  دانیشتنەکان لە دوو حەوتووی داهاتوو درێژەیان پێ بدرێت.

هاوکات ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکات کە ڕێگا بەو ڕێژیمە نادات دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەست لە زێدەخوازییەکانی هەڵنەگرێت، هێرشی نیزامیی دەکاتە سەر.