کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیژیمی ئێران دەرمان بۆ نەخجەوان دەنێرێ

13:51 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ٧٠ لەسەدی پێداویستییە دەرمانییەکانی نەخجەوان بەدەستی ئێران دابین دەکرێت.

"مەنسوور ئایرەم" سەرکونسوولی ڕێژیمی ئێران لە نەخجەوان، باسی لە دابینکردنی ٧٠ لەسەدی پێداویستییە دەرمانییەکانی ئەو وڵاتە بە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە خەڵکی ئێران لەگەڵ کێشەی نەبوون و گرانیی پێداویستییە دەرمانییەکان بەرەوڕوون.

هاوکات ئەمە حاڵێکدایە کە لە ئێراندا هاووڵاتیان بە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە نزیک بە ٧٠ لەسەدی تێچووی دەرمانەكان بۆ خۆیان دابینی دەكەن و ئەوەش بووەتە کێشەیەکی زۆر جیدی بۆ خەڵکی ئێران.

ناوبراو باسی لەوە کردووە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە ئەو دۆخە دژوارتر دەبێت بەڵام ئەوە چەواشەکاریی ڕێژیمە چونکە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دەوا و دەرمان لەخۆوە ناگرێت.

لەوبارەیەوە "سەعید نەمەکی''، وەزیری بێهداشتی ڕیژیمی ئێران لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردبوو،  بە هۆی ئەوەیکە ساڵی داهاتوو واتا ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ساڵێكی سەخت و دژوار دەبێت نرخی دەوا و دەرمان لە ساڵی داهاتوو ١٥ لەسەد گران دەبێت.

بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان کەمیی بوودجە لە کەرتی تەندروستی و دەرماندا ئێرانی کردووەتە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان و بەو هۆیەوە ساڵانە ٣٢٠ هەزار ئێران دەچنە ژێر هێڵی هەژاری.