کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبازی شەهیدان لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە درێژە دەدرێت

15:14 - 24 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پۆلێکی دیکە لە کیژان و کوڕانی شۆڕشگێر، دوای تێپەڕکردنی دەورەی سەرتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشی.

هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لە چیاکانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ و دەروەستی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە بوون و چەکی بەرگری لە خاک و شەرەفیان لە شان کرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر "سەید عەزیز نیکجوویان" یەکێک له فەرماندە نیزامییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی پێشمەرگه چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

نیکجوویان لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: ''لە مەیدانی تێکۆشان و خەباتدا، پێویستە گشت هاوبیران و هاوسەنگەران، دڵسۆزانە پاڵپشتی یەکتر بن بۆ پێگەیاندن و ئاگاکردنی یەکتر؛ تێبکۆشین و ڕۆژ بە ڕۆژ ئیمانی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی بۆ درێژەدانی خەبات پتەوتر و قایمتر بکەین".

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕانە لەژێر ناوی "هەموومان ڕاپەڕیوین"، لە لایەن بەشدارانی دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی پێشمەرگەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، شێعرێک لەژێر ناوی "شەنگەسوار" لە لایەن مامۆستا "شەریف فەلاح"ەوە پێشکەش کرا.

دواتر ڕاپۆرتی ئامووزشیی دەورە لە لایەن "هیوا میرزایی" یەکێک لە مامۆستاکانی فێرگه خوێندرایەوە و کار و چالاکییەکانی ئامووزشیی دەورە بۆ بەشداران خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا سروودێک لەژێر ناوی "گەل، خەبات دەکەین" لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، پەیامی دەورەی ٢٢٩ی سەرەتایی پێشمەرگە لە لایەن بەشداربووی دەورە "کوردیار کەریمی" خوێندرایەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا شێعرێک لە هۆنینەوەی دوکتور "ئاوات سارۆج"، لە لایەن "فەرشید ئیسلامی"یەوە پێشکەش کرا.

دوای پێشکەشکردنی ئەو شێعرە گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی "سڵاو بۆ پێشمەرگە" لە لایەن بەشداربووی دەورە "سەعید کاکایی" پێشکەش کرا.

پاشان گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی "سلاو پێشمەرگەی قارەمان" لە لایەن بەشداربووانی دەورە "کارۆ کەریمی و سەعید کاکایی" پێشکەش کرا.

ئەو ڕێوڕەسمە به نمایشی تایبەتی نیزامیی بەشداربووان کۆتایی پێهات.