کوردستان میدیا: بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدان نوێکردەوە.
ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان، لە پەیامێکدا پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئێمە ئەندامان و تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات، لە ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدان "شەهاب حەیدەری" و "هەژار ڕەزایی" و لە ۳۰ ساڵەی زامی قاسملووی نەمر، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ نوێدەکەینەوە و بەڵێن دەدەین تا وەدیهاتنی ئاواتەکانیان درێژەدەری ڕێگای شەهیدان بین و ڕێبوار و پێشمەرگەی ڕێگای پڕسەروەرییان بین.
لە قووڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتەوە و لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئاڵەشینەوە، وەک چۆن هەمیشە یەک گرتووانە پشت بە پشتی یەک لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکان هەنگاومان ناوە، دیسانیش دڵنیاتان دەکەینەوە، ئامانجی هەموومان، تۆڵەی خوێنی شەهیدان و پێبەندبوون بە ڕێگایان بێت، ئەی شەهیدان دڵنیا بن، یان خوێنمان تێکەڵ بە خوێنی ئێوە دەبێت، یان موژدەی ئازادیتان بۆ دێنین.
شەهید "شەهاب" و شەهید "هەژار"! ئێمە هاوڕێیانی چەندساڵەی ئێوە، سوێند دەخۆین بەو خوێنە گەشەی ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای پڕ زام و ئێشی ئەوڕۆدا واتە ئێوارەی ۲۱ی پووشپەڕ پێشکەش بە خاکی کوردستانتان کرد و نەمامی ئازادیتان پێ ئاو دا، تۆڵەی ئێوە لە خۆفرۆشان و جاشەکان دەکەینەوە و لێرەوە پێیان ڕادەگەیەنین، مردن مافی خۆیانە و سزای خیانەتەکەیان دەبێ بدەنەوە، لێخۆشبوونێک لە ئارادا نییە.
تەشکیلاتی نهێنیی حیزب لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئاڵەشین
ئێوارەی ۲۱ی پوشپەری ۱۳۹٨ی هەتاوی