بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی هەتاوی، سەید "نەسرەدین حەیدەری"، ڕێبەری ئایینیی یارسانەکان، لە پەیامێکدا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی جێژنی نەورۆزی لە پێڕەوانی ئایینی یارسان کرد.
"حەیدەری" لەو پەیامەدا نووسیویەتی: "بە هاتنی ساڵی نوێ و جێژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ ساڵێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ کۆمەڵگەی کاکەیی و هەموو مرۆڤایەتی".
هەروەها ڕێبەری ئایینیی یارسانەکان لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو پزیشک و دوکتورانە دادەنوێنم کە لە نەخۆشخانەکاندا بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا خزمەت دەکەن.
ناوبراو لە بەشێکی پەیامەکەیدا داوای کردووە لە مەزارگە، جەمخانە و شوێنە پیرۆزەکانی یارسان کە کۆڕ و کۆبوونەوە مەگرن هەتا تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا نەبن.
سەید "نەسرەدین حەیدەری" لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی تەندروستی و ژیانی خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکە.