کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری گرووپی داعش لە تورکیە دەسبەسەر کرا

11:50 - 6 جۆزەردان 2722

هەواڵدەریی ''بلومبێرگ'' لە زاری بەرپرسانی فەرمیی تورکیە باسی لەوە کردووە کە ڕێبەری داعش لە شاری ئیستامبوڵ دەسبەسەر کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە کە لە زاری بەرپرسانێک کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێت باس لەوە دەکات کە پۆلیسی دژەتێرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تورکیە ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی داعشیان دەسبەسەر کردووە.

پێشتریش کاناڵی ''ئودا تی‌ڤیـ''ـی تورکیە ڕاپۆرتێکی هاوشێوەی بڵاو کردبووەوە و ناوی ئەو کەسەی کە دەسبەسەر کراوە بە ''ئەبوو ئەلحەسەن ئەلهاشمی ئەلقرشی'' ناساندبوو کە خەڵکی عێراقە.

ئەو میدیایە باسی لەوە کردبوو کە سەرکۆماری تورکیە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ڕێبەری داعشدا بووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەو هەواڵە بە فەرمی ڕابگەیەنێت.

ئەو کەسە لە ماڵێک کە نیشتەجێ بووە دەسبەسەر کراوە و بەپێی وتەی سەرچاوە فەرمییەکانی تورکیە، بەرگرییەکیان لە بەرامبەر پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی پیشان نەداوە و تەقەکردن ڕووی نەداوە.

دوای کوژرانی ''ئەبوو ئیبراهیم هاشمی ئەلقرشی'' لە مانگی فێورییەی ئەمساڵ لەلایەن ئامریکاوە لە سووریە، ''ئەبوو ئەلحەسەن ئەلقرشی'' وەک ڕێبەری داعش هەڵبژێردرا.