کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی مامۆستا "پەرتەو کرماشانی" بەڕێوە چوو

17:03 - 7 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا "پەرتەو کرماشانی" بە بەشداریی چالاکانیی فەرهەنگی، ئەدەبی و بەشێک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی وخەڵکی ئەدەبدۆستی کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی مامۆستا "عەلی ئەشرەف نەوبەتی"  ناسراو بە "پەرتەو کرماشانی" لە تەمەنی "٩٠"ساڵیدا لە شاری "کرماشان" کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا "پەرتەو" ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٣١٠ی هەتاوی لە شاری "کرماشان" لەدایک بووە.

ناوبراو دەستێکی توانای لە نووسینی شێعر و ئەدەبی کوردیدا هەبووە و لە ڕوانگەی شاعیر و نووسەر و ئەدیبانی کوردەوە وەکوو یەکێک لە گەورەترین و باشترین شاعیرانی کورد ئەژمار کراوە.

"پەرتەو کرماشانی" لە ماوەی ژیانیدا کەسایەتییەک بووە کە هەردەم خەمی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستانی لەسەرشان بووە. شاعیرێکی کۆمەڵایەتیی بووە و بە زمانێکی  پاراو و ڕوون هەوڵی داوە ڕەسەنایەتی شێعر و هەڵبەست و هۆنراوەی کوردی ناوچەی کرماشان بپارێزێ و لە کوردیدا بە دوو زاراوەی "کەڵهوڕی و گۆران" و بە زمانی فارسیش شێعری هۆنیوەتەوە. 

 ناوبراو زیاتر لە ٣٠٠٠ بەیت شێعری هەیە و زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی فارسین بەڵام شێعرە کوردییەکانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و جێگە و پێگەیان لەنێو ئەدەبیی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی تایبەتن و لەلایەن زۆریەک لە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانەوە کراون بە گۆرانی.

کاکڵی شێعرەکانی زیاتر ئەوین و خۆشەویستی و هەستی نەتەوایەتین.

کۆکراوەی شێعرەکانی مامۆستا "کرماشانی" لە کۆپەرێکدا بەناوی "کوچە باغیها" لە چاپ دراوە.

هۆنراوەکانی "پەرتەو کرماشانی" بە ڕواڵەت کلاسیکن بەڵام زمان و نێوەڕۆکیان تازە و سەردەمیانەیە و لەگەڵ مرۆڤی ئەمڕۆیی دەدوێن.

بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:"سوڵتانی، سەها، پێژواکی کوچه‌ باغییەکان، ڕەخنە و بیروڕاکان، شێعرەکان، نامه‌کان و نووسراوەکان".