کوردستان میدیا: لە کەمپی جێژنیکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خاکەلێوە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، کە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە، سەرەتا بە خوێندنی سروودی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، لە لایەن ئەندامی دەستەی کارگێڕی "کەریم پەرویزی" پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، شێعرێک لەژێر ناوی "بەیانی حەز"، لە لایەن شاعێری پێشمەرگە، "بێبەش پیرۆتی"، بە بۆنەی یادی شەهیدانەوە پێشکەش کرا و دواتریش سروودی "دایە مەگری"، لە لایەن پێشمەرگەی دەنگخۆشی حیزب "عوسمان ڕەحمانی" پێشکەش کرا.
پاشان سروودی "وەرن با بچینە سەر گۆڕی شەهیدان"، لە لایەن سێ پێشمەرگەی تێکۆشەری حیزبەوە "سیامەند شابۆیی"، لوقمان سەیدەپوور و نادر ئازەربەرزینـ"ـەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێک دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن "دیانا ڕەجەبی"، بەرپرسی کۆمیتەی "ئاشتیـ"ـی لاوان، لە جەژنیکان پێشکەش کرا و ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی شێعرێک لەژێر ناوی "شەهید"، لە لایەن "عەبدولڕەحمان یووسفی" ئەندامی حیزبی دێموکراتەوە کۆتایی پێ هات.