کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپۆرتێرانی بێسنوور خوازیاری ئازادکردنی خێرای ڕۆژنامەوانە بەندکراوەکان لە ئێراندان

11:26 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور، لە نامەیەکدا داوای ئازادکردنی هەموو ڕۆژنامەوانە بەندکراوەکان لە ئێرانن.

ڕۆژی هەینی، ٣٠ سەرماوەز، ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور، لە نامەیەکدا بۆ کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی دۆخی زیندانییانی مەزهەبی، ڕۆژنامەوانییان کردووە و داوای ئازادکردنی خێرای ئەم زیندانییانەیان کردووە.

ئەم ڕێکخراوە لەم نامەیەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سەرەڕۆییانە چالاکانی مەزهەبی و ڕۆژنامەوانی دەسبەسەر دەکات و لە زیندانەکاندا لە وەرگرتنی دەرمان و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەشیان دەکات، ئەم کارەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، مافە مەدەنی وسیاسییەکانی دەزانن و داوای هەرچی خێراتر ئازادکردنی ئەم زیندانییانە دەکەن.

لەم نامەیەدا ئاماری ڕۆژنامەوانانی زیندانی لە ئێراندا خراوەتە ڕوو، کە لە ئێراندا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە لانیکەم ٤٠ ڕۆژنامەوان دەسبەسەر کراون.

لە درێژەدا ڕیپۆرتێرانی بێسنوور ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هەندێک لەم بەندکراوانە بە دانانی بارمتەی قورس بۆ ماوەیەکی کورت لە زینداندا ئازاد کراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای هاتنە سەرکاری، بە هەموو شێوەیەک ڕێگەی لە دەربڕینی بیر و بۆچوونێك گرتووە، کە لەگەڵ باوەڕ و ئامانجە تیرۆریستییەکانی یەک ناگرێتەوە و بە توندی بیرە جیاواز و ئازادیخوازەکانی سەرکوتی کردووە.