
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بارانی بە لێزمە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە.
ڕێژنە بارانی بەهاری بۆ جارێکی دیکە بووەوە میوانی شار و گوند و کوێستان و مەزراکان و هاتنی باران بووە هۆی دڵخۆشیی خەڵک.
بارانبارین لە شارەکانی سەرووی کوردستان واتە لە ورمێ و ماکۆ و سەڵماسەوە هەتا خوارووی کوردستان واتە ئیلام و کرماشان و لوڕستانی گرتەوە.
لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت و مەریوان بارانی بەخوڕ باریوە و زۆربەی شەقامی شارەکان پڕ بوونە لە ئاو و کێشە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست بووە.
لە شاری ئیلام بارانی زۆر لە دێهاتەکان کێشەی بۆ خەڵک و بەتایبەت مەڕداران دروست کردووە و زۆربەی ڕێگاکان بەهۆی هاتنی لافاوی زۆر بەستراون.
لە سەردەشت و لە گوندی "بنۆخەڵەف" لافاو زیانێکی زۆری مادیی بە خەڵکی گوند گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە.
لە شاری مەریوان زۆربەی گوندەکانی ئەو شارە و شەقامەکانی نێو شاری گرتووەتەوە و کێشەی تایبەتیش بۆ خەڵک دروست بووە.
لە پیرانشار و مەهاباد زۆربەی شەقامەکانی نێو شار بەهۆی لافاوەوە بەستراون و قوڕ و قاڵێکی زۆر هاتووەتە کۆڵان و شەقامەکان.
بارینی باران لە شار و گوندەکانی کوردستان وێڕای قازانجەکانی بۆ ژینگە و بواری کشتوکاڵی و دڵخۆشیی خەڵک، زیانی تایبەتی خۆشی بە دواوە بووە.