کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سووریە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی تورکیە سکاڵای تۆمار کرد

18:29 - 30 خەرمانان 2721

هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیمی سوریە "سانا" لە زاری "بەشار ئەلجەعفەری" نوێنەری ڕێژیمی سووریە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە و سەرۆکی شۆرای ئەمنییەت، دژی وڵاتانی بیانی لەوانە تورکیە کە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتەوە، سکاڵای تۆمار کردووه.

"ئەلجەعفەری" وتوویەتی: "هێزەکانی تورکیە بە ئەنقەست بەرهەمی کشتوکاڵی لە سووریە بە ئامانجی برسی کردنی خەڵکی سووریه ئاگر دەدەن".

ئەو سکاڵایەی ڕێژیمی سووریە لە تورکیە، دوو ڕۆژ لە ئەوە هاتووە کە بەڕێوبەری کشتوکاڵی لە پارێزگای "حەسەکە"ی سەر بە کوردستانی ڕۆژاوا ڕایگەیاندبوو، ٥ هەزار تۆن بەرهەمی گەنم و٧ هەزار تۆن بەرهەمی جۆ لەو شارە لەلایەن هێزەکانی سەر بە تورکیە لەنێو بردراون.

هەواڵدەری "سانا" پێشتر بڵاوی کردبووە، هێزەکانی سەر بە تورکیە، گەنمی وەرزێڕانی خەڵکی ناوچەی "گرێسپی" لە پارێزگای "حەسەکە" ڕاگواستووەته نێوخۆی تورکیە.

ڕێکەوتی ٣٠ بەفرانباری ١٣٩٧هەتاوی هێزەکانی تورکیە لە عەمەلیاتێکدا لە ژێر ناوی "لقی زەیتوون" هێرشیان کردە سەر شاری "عەفرین" لە کوردستانی ڕۆژاوا.

 لەو هێرشەدا زۆربەی باخ و باخاتی خەڵک بڕدران و خەڵکێکی زۆر کوژران و ئاوارە بوون.