کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیران لە "بۆکان" بە ڕووخان و لەنێوبردنی باخ و باخات خەڵک ئازار و ئەزیەت دەدات

11:48 - 28 خەزەڵوەر 2721

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لە شاری "بۆکان" بە بڕیاری دادستانی نوێی ڕێژیمی ئێران شارەداری و فەرمانداریی ئەو شارە و بە پشتیوانیی هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئێران لەسەر ڕێگای بەنداوی "بۆکان" خەریکی ڕووخاندن و لەنێوبردنی خانوو و باخ و باخاتی خەڵکن.

ڕووخاندن و لەنێوبردنی ئەو  خانووە و باخ و باخاتە لەلایەن ڕێژیمەوە چەندین میلیارد تمەن زیانی بە خەڵک گەیاندووە.

ئەو باخ و باخاتەی ڕێژیم لەنێوی بردوون لە گوندی "ئاڵبڵاغ" لەسەر ڕێگای "بۆکان" هەڵکەوتووە و پێشتر زەوییەکانیان لەلایەن جەهادی کشاوەرزی و شارەداریی ئەو شارەوە بە خەڵک فرۆشراوە و ئیزنی گۆڕینی بەکارهێنانی ئەو زەویانە لە کشتوکاڵییەوە بۆ سازکردنی خانووبەرە و باخ و باخات دراوە.

لە ئێستادا کە دزییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم لە "بۆکان" ئاشکرا بووە، خەریکن بە ڕووخاندن و لەنێوبردنی خانوو و باخ و باخات خەڵک ئازار و ئەزیەت دەدەن.

ئەمه لە کاتێکدایە کە هەموو زەوییە باشەکان بۆ کاری کشتوکاڵ لەسەر ڕێگای  "سەقزــ میاندوئاو" و ڕێگای "کۆسە" لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیم گۆڕانکاری تێدا کراوە.

ئەو شوێنانەی گۆڕانکاری تێدا کراوە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە کڕدراوە.