کوردستان میدیا

چوارشەممه 29ی خەزەڵوەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئاسەوارە مێژووییەکان تێک دەدات

11:17 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی لە بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستاندا هەیە و ئەمجارە لە شاری سەقز دەستی داوەتە تێکدانی ئاسەوارە مێژووییەکان و خەریکی بەتاڵانبردنی سەرمایە مێژوییەکانی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان، به‌شێک لە‌ قه‌ڵای‌ مێژوویی‌ گوندی‌ "ماسیه‌ری‌ شێخ"، هه‌ڵكه‌وتوو له‌ نێوان گوندی‌ "ماسیه‌ری‌ شێخ" ‌و "مۆسم ئاوا"، بەرانبەر بە‌ گوندی‌ "ماسیه‌ر سلێمان"، سه‌ر به‌ ناوچه‌ی‌ خورخوڕه‌ی‌ سه‌قز، له‌ لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌ تێک دراوە.

ئه‌و قه‌ڵا مێژووییه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له ‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ "میراتی فه‌رهه‌نگی‌"‌ و سپای‌ پاسدارانی‌ ڕێژیمه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیراوه ‌‌و به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یان وتووه‌ كه‌ ده‌زگایەکی هەستیاریان تێدا داناوە و نابێ کەس نزیکی بێتەوە.

ڕێژیمی ئێران له‌م ماوه‌یەدا به‌ بیانووی‌ كێشانی‌ لووله‌ی‌ گاز، به‌شێک له‌ دیواری‌ به‌ردچنی‌ قه‌ڵاكه‌ی ڕووخاندووه‌‌ و زه‌ره‌رێكی‌ قه‌ره‌بوونه‌كراوی له‌و قه‌ڵایه‌ داوه‌‌ و به‌رده‌كانیشی‌ له ‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ براوه‌.

ئه‌و قه‌ڵایه‌ به‌هۆی‌ كۆن بوون‌ و كه‌ش و هه‌واوه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ به‌ خاک و خۆڵ‌ داپۆشراوه‌. ڕێژیمیش نە ئیجازە بە خەڵک ده‌دات سه‌ردانی‌ بکەن ‌و نه‌ خۆیشی‌ نۆژه‌نی‌ ده‌كاته‌وه ‌‌و تەنانەت ئیجازە بە هیچ ڕێكخراوێكیش نادات كه‌ كاری‌ تێدا بکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ده‌ستی‌ له‌ به‌تاڵانبردن ‌و دزینی‌ ئاسه‌واره‌ مێژووییه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ ناهێڵێت‌ لە لایەن خەڵکەوە سەردانی ئەو شوێنانە بكرێت، تاکوو‌ خۆی‌ ده‌ستی‌ ئاوه‌ڵا بێت و ڕێگه‌ نه‌دات خه‌ڵكی‌ بیانی ‌‌و گەشتیاریش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.