کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەخاتە ئەستۆی خەڵک

13:04 - 11 بانەمەڕ 2720

"سەعید نەمەکی" وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر خەڵک و وتی  خەڵک باری سەر شانی ئێمە زیاد نەکەن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم بە توندی باسی لەوە کرد هاوکارانی ئێمە زۆر ماندوون و تکایە خەڵک هاوکاریمان بکەن چونکە لە دۆخێکی زۆر دژواردا کار دەکەین.

ناوبراو وتوویەتی بەداخەوە خەڵکی گوێ بە هیچ پەیام و ڕاسپاردەیەکی تەندروستیی ئێمە نادەن.

"نەمەکی" بە توندی گلەیی لە خەڵک کرد کە هیچ ڕێنوێنییەکی تەندروستیی ڕەچاو ناکەن.

قسەکانی ناوبراو چەواشەکاریی ڕاستییەکانە. ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەستی بە شاردنەوە و حاشاکردن لەو نەخۆشییە لە ئێران و کوردستاندا کرد.

لەلایەکی دیکەوە خودی ڕێژیم بۆ خاوێنکردنەوەی شار و گوندەکان یارمەتی بە خەڵک نەدا و تەنانەت هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد کە نابێ بێ ئیزنی بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ کارێک بکەن.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم کە داوای لە خەڵک دەکرد لە ماڵەکاندا بمێننەوە بژیوی ژیانی بۆ خەڵک دابین نەدەکرد.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک و ڕاپەڕینی خەڵک بە فەرمی باسی لەوە کرد درێژەی دابڕگەکردنی شارەکان دەبێتە هۆی ئەوەیکە ٣٠ ملیۆن خەڵکی برسی بێتە سەر شەقامەکان.

ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی گیانی هاووڵاتییانی کردە قوربانی و ئێستاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەخاتە ئەستۆی هەمان خەڵک.