کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە جاشەکان کەڵک وەردەگرێت

11:03 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، لە جاش و بەکرێگیراوان کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای خرۆشانی خەڵک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، جیا لە سەرکوتکەرانی ڕێژیم، جاشەکانیش دەستیان لە توندوتیژی دژی خەڵكدا هەیە.

لە تازاوای باوەجانی، ٢٢ کەس دەسبەسەر کراون و ھێزێکی زۆری ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە ڕەوانەی ئەو شارە کراوە.

ئەو هێزانەی کە ڕەوانە کراون، بە توندترین شێوە خەڵک سەرکوت دەکەن.

لە شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی، ڕێژیمی ئیسلامی بە هەموو هێزەوە هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و سەرکوتی کردوون.

هاوکات هێزەکانی ڕێژیم، دەستیان بە ڕەشبگیری کردووە.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دژی ڕێژیمی ئێران، چەندین هاووڵاتیی کورد کوژران و بریندار بوونە.

هەر لەو خۆپیشاندانەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەسبەسەر کراون کە شوناسی بەشێک لەو هاووڵاتییانە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.

خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران درێژەی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە، زانیاریی ورد لە خۆپیشاندانەکان لەبەر دەستدا نییە.