کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە پارە چاپ دەکات

11:35 - 16 رێبەندان 2720

یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە زاری سەرۆکی بانکی ناوەندییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی کەمیی بوودجە قەرەبوو بکرێتەوە بانکی ناوەندی ناچارە پارە چاپ بکات.

"عەبدولناسر هێمەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ستادی "ئابووریی بەرەنگاریـ"ـی پارێزگای تاران وتوویەتی: "دۆخی بانکەکان بە شێوازێکە کە ئەگەر بەردەوام گوشار بخەینە سەریان و ئەوان ناچار بە وەرگرتنی پارەی زیاتر لە بانکی ناوەندی بن، بانکی ناوەندی ڕێگایەک جگە لە چاپی پارەی بۆ نامێنێت و ئەمە واتا چوونەسەرەوەی نرخی هەڵاوسان".

ناوبراو هەروەها باسی لە بڕیاری دەوڵەت بۆ پێدانی مانگانە گەڵاڵەی بژێویی ژیان بە ٦٠ ملیۆن کەس کرد کە شوێنی دابینبوونی بوودجەی ئەو گەڵاڵەیە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە بانکییەکانە.

"هێمەتی" بە ئاماژەدان بەوەی کە سیستەمی بانکی زیانی سەر یەک کەوتووی هەیە، ڕایگەیاند کە خودی دەوڵەت ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری سیستەمی بانکییە و لەم دۆخەشدا نرخی سوودی بانکیی قبووڵ نییە.

ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم کە ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە پاش کەمێک ئەو هەواڵەی لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی هەڵگرتووەتەوە و ماڵپەڕەکەی بە شێوەی کاتی داخستووە.