کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠ دەێهەوێ پێش لە ناڕەزایەتییەکان بگرێت

18:40 - 12 خاکەلێوه 2721

جێگری ئەمنییەتی ئینتیزامیی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٤٠٠دا ڕێکاری ئەمنییەتیی پێشگیرانە دەگرنە بەر.

"حوسێن زولفەقاری" جێگری ئەمنییەتی ئینتیزامیی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ ئەستەمترین ساڵ لە باری ئەمنییەتییەوە بووە و ڕێژەی کوژراوان ٢٣٠ کەسە نەک ٤٠٠ کەس، جەختی کردووەتەوە کە "ئەگەر هۆشیار نەبین، هەڕەشە بەهێزەکان دەکەونە چالاکییەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠ "بۆ پێشگرتن لە هەندێک تێکهەڵچوونەکان هەوڵی پێشگیرانە دەدەین".

پاش تێپەڕینی ١٦ مانگ لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە خەزەڵوەری ٩٨دا بە پچڕاندنی ئینتێرنێت و دەسبەسەرکردن و کوشتنی خەڵکی خۆپیشاندەر هێشتاش ئامارێکی ڕاست سەبارەت بە ڕێژەی کوژراوان لەلایەن ڕێژیمەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەو حاڵەشەوە ڕێژیم جارێکی دیکە هەڕەشە لە خەڵک دەکات لە ئەگەری هەر خۆپیشاندانێکدا جارێکی تر به توندی بەرەنگاری خەڵک دەبێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لەنێو خەڵکدا ڕەوایی نەماوە و هەر بۆیە لە ڕێگای جۆرەکانی سەرکوتکردنەوە وەک کوشتن و گرتن و دەسبەسەرکردن هەوڵی کۆنترۆڵ و ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەدات.