کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان ڕێکاری جۆراوجۆری گرتووەتە بەر

16:28 - 1 خاکەلێوه 2722

ڕێژیمی تێرۆریستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی نەورۆزی کوردەواری لە كوردستان كە خەڵک بە جلوبەرگی خاكی، جامانە، هەوری، شێعری حەماسی و نەتەوەیی لە ڕێوەڕەسمەكەدا بەشداری بکەن، زیاتر لە ١٥ ڕۆژە لە ڕێگای قەرارگاكانی "حەمزە و شەهرامفەر" ئامادەكاری دەكرد و چەندین ڕێكاری گرتبووە بەر تا بتوانێت ڕێوڕەسمی نەورۆزی بە شکۆ بەڕێوە نەچێت.

ئەو پیلانانەی کە ڕێژیم بەو بۆنەوە گرتوویەتە بەر بریتین لە:

١- هەموو هێزەكانی ئیتلاعاتی و سیخوڕی لە ٢٦ی ڕەشەمەوە كەوتبوونە زانیاری كۆكردنەوە لەسەر جموجوڵەكانی چالاكان و وێنە‌گرتنیان.

٢-بانگكران و هەڕەشە كردن لە چالاکانی ئەو بوارە.

٣-لە ڕێگای فەرمانداری شارەكان هەندێک لە گرووپەكانی هەڵپەركێ و گۆرانیبێژەکانی سەر بە وەزارەتی ئێرشاد بە جلوبەرگی ڕەشەوە لە سێ ڕۆژ پێش لە نەورۆز لە شەقامەكانی شارەكان هەڵپەڕكێیان ساز دەكرد و دەیانهەویست وزە و پوتانسیەلی لاوانیان كەم بکەنەوە.

٤-لە هەندێک شوێنی داخراو و کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی كە ئیزنیان پێدەدرا و بەڵێننامەیان پێ پڕ دەكرایەوە كە نابێت ئەو هێڵە سوورانەی ڕێژیم ببەزێنن.

٥- لە ڕێگای دانانی بازگە و خاڵی پشكنین و گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ئەوەی نەتوانن بچنە ئەو شوێنانەی كە خەڵک بۆ خۆی دەیهەوێت سەربەستانە نەورۆزی تێدا بەڕێوە ببات.

٦-لە هەموو شارەكان هێزە نیزامییەكان بە چەکوچۆڵەوە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە شار و گوندەكان كەوتبوونە مانۆڕدان بۆ چاوترسێنكردنی خەڵک.

٧-  لە كاتی بەڕێوەچوونی نەورۆز لە دەوروبەری ڕێوڕەسمەكان هێزە نیزامییەكانی جێگیر لە شوێنەکە بەردەوام هەڕەشەیان لە خەڵک دەكرد.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە كە ڕێژیم بەم شێوەیە كوردستان میلیتاریزە بكات و پیلانی جۆراوجۆر بگرێتە بەر كە پێش بە بەڕێوەچوونی نەورۆزی كوردەواری كە لەلایەن خەڵک و چالاكانی مەدەنی بەڕێوە دەچوو كە بۆ خۆی نیشاندەری ئەوەیە كە ڕێژیم چەنده ترسی لە كورد و خەڵكی كوردستان هەیە.

سەرەڕای هەموو پیلانەكان و زەبروزەنگ و گرتنی چالاكان لە زۆر شوێنی كوردستان نەورۆزی خاكیپۆشان و جامانە و هەوری لەمل لە شار و گوندەکانی كوردستان بەڕێوە چوو كە ئەوەش دەروەستی و نەترسی لاوانی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی كوردستانی خۆرهەڵاته.